ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆس ڕاگەیاندرا و هەڕەشەش لە تورکیا دەکەن
ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ئەمڕۆ ٢٢ى ئابی ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە باکوورى منبج خۆى ڕاگەیاند و ڕاگەیاندراوى دامەزراندانى ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆس لەلایەن عەبدولستار جادر و بە ئامادەبوونى فەرماندەکانى ترى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆسدا باسى ئەوەکراوە "تێپەڕاندنى ژمارەیەک چەتە لەسەر خاڵى سنووریى جرابلۆس، کە چەتەکانى داعشیشیان لە ناودایە، هەوڵێکە لە چوارچێوەى خراپکردنى ئارامیى سوریادا، چونکە کاتێک منبج و دەورووبەرى لەلایەن شەڕڤانانى هەسەدەوە ڕزگار کرا، دەوڵەتى تورکیا خێرایى داوە بە کارە دوژمنکارانەکانی و ئەو گروپە چەکدارانە، کە ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعشیان تێخزێنراوە و لە سنووردا دەستیان کردووە بە جموجوڵ. ئامانجیشیان تێکدانى ئارامیى سوریایە، چونکە کارە دوژمنکارانەکانیان زیاتر و قوڵتر کردووەتەوە و پیلانى پیس دادەنێن تاوەکو دەستکەوتەکانى گەلەکەمان لە ناو ببەن".
لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆسدا باسى ئەوەشکراوە "لە ڕیگەى ئەو گروپە تیرۆریستییانەى سەر بە قاعیدە، کە لە بە سەربڕی منداڵ لە حەڵەب و منبج دەناسرێن، بە هاوکاریى یەکە تایبەتەکانى دەزگاى هەواڵگریى تورکیا (میت) و چەکدارەکانیان لە ناو خاکى سوریادا دەیانەوێت ناوچەى جرابلۆسى جوان داگیر بکەن. ئەوەش لە ڕێگەى ڕێککەوتنى نێوان چەتەکانى داعش و تیرۆریستەکانەوە ئەنجام دەدرێت".
عەبدولستار جادر فەرماندەى ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆس لە درێژەى خوێندنەوەى ڕاگەیاندراوەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى ئەوەشى خستەڕوو "ئێمە هۆشدارى دەدەینە حکومەتى تورکیا کە لە دژى سوریا و پێکهاتەکانى و بە تایبەت ناوچەى جرابلۆس کارى دوژمنکارانە ئەنجام نەدات. بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنین ئێمە بێدەنگ نابین و وەڵامى هەموو کارە دوژمنکارانەکان دەدەینەوە. ئێمە گەلەکەمان بە پێى یاساى نێودەوڵەتى دەپارێزین. ئەم وڵاتە نابێتە گۆڕەپانى شەڕ بۆ هەموو جۆرە کەسێک. پاراستنى ئاسایش لە ڕووى ئەخلاقى و یاساییەوە ئەرکى ئێمە و ئەوەش دەکەوێتە سەر شانى کۆمەڵگا و گەلەکەى. ئەوانیش وەڵامى هەموو کەسە هێرشکارەکان دەدەنەوە. ئێمەش هۆشدارى بەو گروپە چەکدارانە دەدەین، کە بەپێی فەرمانى تورکیا دەجوڵێنەوە، بۆ ئەوەى دەست کردەوەکانى خۆیان هەڵگرن".
لە کۆتایى ڕاگەیاندراەکەى ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆسدا ئاماژە بەوەشکراوە، داوا لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتیى ئەمریکا دەکەین، بەپێى ئەو بەڵێنەى کە داویانە بۆ پاراستنى ناوچەکە لە دەست دەوڵەتى تورکیا بجوڵێنەوە و دژایەتیى ئەو هەوڵانە بکەن کە لەسەر خاکى سوریا ئەنجام دەدرێن.
ئەنجوومەنى سەربازیى جرابلۆس و گوندەکانى دەورووبەرى لە لیواکانى فراتى جرابلۆس (جەوادرا)، ئەحراری جرابلۆس و لیواى سقورى جرابلۆس پێکهاتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەنجوومەنى سەربازیى منبج ڕۆژى ٢ى نیسانى ٢٠١٦ ئەنجوومەنى سەربازیى منبج دامەزرا و لە دواى ٧٣ ڕۆژ لە دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى منبج، ئێوارەى ڕۆژى ١٢ى ئابی ٢٠١٦ و لە کاتژمێر ٥:٠٥ خولەکەدا شارۆچکەى منبجیان کۆنتڕۆڵکرد و چەکدارەکانى داعشیان تێکشکاند.
دوابە دواى ئەو پێشهاتانەدا ڕۆژى ڕۆژى ١٤ى ئابی ٢٠١٦ ئەنجوومەنى سەربازیى باب بۆ جەنگ لە دژى چەکدارەکانى داعش و کۆنتڕۆڵکردنى باب ڕاگەیاندرا.
