هاووڵاتییەک بۆ قەرز چوو بەڵام لەڕێگا شەش چەکدار هەشت فیشەکیان پێوەنا

هاووڵاتییەک بۆ قەرز چوو بەڵام لەڕێگا شەش چەکدار هەشت فیشەکیان پێوەنا
سه‌ربه‌ست کڕین و فرۆشتنى بە ئۆتۆمبێلەوە دەکرد، ئێوارەى ٢٦ى مانگى ئایارى ئەمساڵ بۆ وەرگرتنى پارەى یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەى کە فرۆشتبووى بەرەو شارى کەرکوک بەڕێکەوت.

سه‌ربه‌ست دەڵێت ئەوەى کە خۆشى چاوەڕوانى نەکردووە ئەوە بووە پێش ئەوەى بگاتە شارى کەرکوک لە نزیک گوندى چیمەن شەش چەکدار ڕێگەیان پێ گرتووە و بە مەبەستى کوشتنى هەشت گولـلەیان پێوەناوە.

ئەو دەڵێت چەکدارەکان وایان زانیوە کە کوشتووەیانە و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە و جێیان هێشتووە، دواتر لەلایەن شۆفێرێکى تەکسیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و دواى ئەنجامدانى نەشتەرگەرییەک لە ژیاندا ماوە، بەڵام دەست و قاچێکى لەکارکەوتووە و لەسەر جێگا کەوتووە.

سەربەست دەڵێت ئەو شەش چەکدارەى کە هێرشیان کردووەتەسەر دووانیان دەناسێت کە یەکێکیان ئەوە بووە قەرزەکەى لابووە، وتیشى سکاڵاى لەسەر ئەو دوو کەسە تۆمارکردووە و ئێستا کەسێکیان دەستگیرکراوە.

خوشکێکى سەربەست کە لە شارى کەرکوک نیشتەجێیە و هەروەها برایەکیشى کە خوێندکارى زانکۆیە لە کەرکوک دەڵێت، ئەو کەسانەى سکاڵایان لە دژ تۆمارکراوە هەڕەشەیان لە خوشکەکەى کردووە، خۆشى لەسەر ئەو ڕووداوە دەستى لەخوێندن هەڵگرتووە.

ئەو کەسەى لەسەر تەقەکردن لە سەربەست دەستگیرکراوە پاسه‌وانى بەرپرسێکى شارى كه‌ركوكه‌، بەڵام ئەو بەرپرسە بە ئێن ئاڕ تى وت ئه‌و كاته‌ى تەقە لەو هاوڵاتییە کراوە ئەو پاسەوانە لەگەڵ خۆیدا بووە و ئەو تۆمەتانەى ڕەتکردەوە کە ئاراستەى کراون.

به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیەى قه‌ره‌هه‌نجیریش ده‌ڵێت لێكۆڵێنه‌وه‌كانی پۆلیس له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ به‌رده‌وامه‌.

سه‌ربه‌ست له‌وكاته‌وه‌ى كه‌ برینداركراوه‌ حه‌وت نه‌شته‌رگه‌رى بۆ کراوە، پزیشكه‌كان پێیان ووتووه‌ هێشتا پێویستى بە نه‌شته‌رگه‌رى دیكەیە.

‌ئەو دەڵێت لە خەمى خۆیدا نەماوە بەڵکو خەمى براو خوشەکەکەیەتى کە هەڕەشەى کوشتنیان لەسەرە.
Top