وەزیری بەرگری کەیسێکی زۆری گەندەڵی پەرلەمانتارانی لایە

 	 وەزیری بەرگری کەیسێکی زۆری گەندەڵی پەرلەمانتارانی لایە
پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ھەوڵدەدرێت کە متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری بەرگری وەربگیرێتەوە.



ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان (عەرەفات کەرەم)بەماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" شیعە و کورد ھیچ کێشەیان لەگەڵ وەزیری بەرگری نییە کە لەپۆستەکەی بمینێتەوە و بگرە بۆ پرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ بمینێتەوە باشترە، لەبەر ئەوەی خۆی خەڵکی موسڵە و قۆناغەکەش ھەستیارە.



(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، سونەکان لەناو خۆیاندا ناکۆکن، بۆیە ھەوڵ دەدەن متمانە لە وەزیری بەرگری وەربگیرێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەر لیستی موتەحیدوونە زەحمەتە ڕێگە بەوە بدەن.



گوتیشی، ھۆکاری سەرەکی وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە کەیسی گەندەڵی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتارانی لایە، بۆیە ھەوڵ دەدرێت لە پۆستەکەی لا بدرێت و کۆتایی بەو باسە بێت.



(کەرەم) ڕوونیشی کردەوە، ئێستا جگە لە وەزیری بەرگری ھەوڵ دەدرێت متمانە لە سەرۆکی پەرلەمانیش وەربگرێتەوە، بۆیە گەر متمانە لە وەزیری بەرگری وەربگیرێتەوە لە سەرۆکی پەرلەمانی بەھەمان شێوە وەردەگیرێتەوە.
Top