هەولێر.. ئەنیستیتۆی میری سیمینارێکی بو مستەفا هیجری ساز کرد
ئەمڕۆ دووشەممە 2016 -8 -22 ئەنیستیتۆی مێری، لە شاری هەولێر لەژێر ناوی "دەرفەت و ئاستەنگەگان" سیمینارێکی بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆڵی کۆبوونەوەی ئەو ئەنیستیتۆیه پێک هێنا.
سیمینارەکە به بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، ڕۆژنامەوان و هەواڵنێران بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، سەرۆکی ئەنیستیتۆ، د. دلاوەر عەلائەدین باسێکی لەسەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشکەش کرد.
تەوەری سەرەکی لەو سێمینارەدا، پرسە پێوەندیدارەکان بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو.
پاشان مستەفا هیجری، باسێکی لەسەر کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش بە بەشداربووان کرد، هەروەها ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم خەبات و دەرفەتەکانی خەباتی شی کردەوە.
هیجری سەرەتا باسی لە خەباتی 20 ساڵی ڕابردووی حدکا کرد؛ کە بەهۆی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، شێوەی خەباتی چەکدارییان ڕاگرتووە.
بەڵام ئێستا چوونکه ڕێژیمی ئێران هیچ ژینگەیەکی ئەمنیەتیی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتووەتەوە، ڕێبەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە دوای خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن، بەو ئاکامە گەیشت کە؛ هێزی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی وڵات.
هیجری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران مافی کورد نادات و باوەڕی پێی نییه. بۆیه دەبێ گوشار بۆ ئەو ڕێژیمە بهێنرێت کە دان بە مافی کورددا بنیێت، و لەو پێوەندییەشدا دەبێ هەموو خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات بکەن.
هەروەها هیجری لەو سێمینارەدا باسی لەوە کرد کە بەشی زۆری ئەو چالاکییانە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، چاڵاکیی خودی خەڵکی کوردستان بوونە و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە.
مستەفا هیجری لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی دایە ئەوەی کە؛ هەتا کۆماری ئیسلامی مابێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.
باسنيوز
