پۆلیسی كەركووك ناسنامەی مێردمنداڵە خۆكوژەكە ئاشكرا دەكات
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركووك،هاتووە: "ئەو مێردمنداڵە بۆمبڕێژكراوەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی تسعینی شاری كەركووك لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكانی پارێزگاكەوە پێش خۆتەقاندنەوەی دەستگیر كرا، دانیشتووی پارێزگای مووسڵە و وەكو ئاوارە لەپارێزگای كەركووك دادەنیشێت".
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە: "مێردمنداڵەكە ناوی حوسێن ڕازی عەلوانە و تەمەنی 15 ساڵە، بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە بێئاگا كراوە".
شەوی ڕابردوو پاش ئەنجامدانی كردەوەیەكی خۆكوژی لەبەردەم حوسێنییەی ئیمام جەعفەر سادق، لە گەڕەكی واستی شاری كەركووك، مێردمنداڵێكیش ویستی لەگەڕەكی تسعینی ئەو شارە، خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی كەركوك و دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر كرا.
باسنیوز
