جیهان و ناوچەكە پێویستە سوود لە ئەزموونی سەرۆك بارزانی وەربگرن
ڕۆژی دووشەممە 22ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئاڵان كیپغات كونسووڵی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر كە كۆتایی بە ئەركە دیپلۆماسییەكەی لە شاری هەولێر هاتووە، چوارساڵی خزمەتی خۆی لە كوردستان بە چوارساڵی گرنگ و پڕبایەخی ژیانی خۆی وەسف كرد و ستاییشی فەرهەنگی میوانداری و پێكەوەژیان و كراوەیی گەلی كوردستانی كرد. سەرسامیشی خۆی بە پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاساییشی هەرێم دەربڕی كە لەگەڵ بوونی هەڕەشەی جۆراوجۆر كەشێكی ئارام و پڕ لە ئاساییشیان بۆ خەڵكی كوردستان و بیانییەكان دروست كردووە.
كونسوڵی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە شەڕی تیرۆر و چارەسەركدنی گرفتەكان هەبوو و ڕایگەیاند كە جیهان و ناوچەكە پێویستە سوود لە ئەزموونی سەرۆك بارزانی وەربگرن لە تێپەڕاندنی تەحەدیاتی تیرۆر و ململانێی تاییفی و ناوچەیی.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی كونسوڵی فەڕەنسا هەبوو لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست. هەروەها سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی فەڕەنسای كرد كە لە ڕۆژە سەختەكاندا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە.
هەر لەم دیدارەدا باس لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە كرا و بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر و كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ ئاڵوگۆڕ كرا.
KDP
