هەوڵی چاوخشاندنەوە بە پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان دەدرێت

 هەوڵی چاوخشاندنەوە بە پاشەكەوتی مووچەی مامۆستایان دەدرێت
جێگری سه‌رۆكی یەكێتیی مامۆستایان دەڵێ: "دوێنێ كێشەكانی مامۆستایانمان بۆ (سەرۆك بارزانی) خستە روو، جەنابی سەرۆكـیش پەیمانی پێمان دا چارەیەك بۆ مووچەی مامۆستایان بە تایبەتی و فەرمانبەران بە گشتی بكەن، (سەرۆك) جەختیشی كردەوە كە، شەڕی دژەگەندەڵی لە شەڕی داعش قورسترە و هەوڵی بنڕكردنی دەدەین".

پێوەست بە و دانیشتنەی دوێنێی یەكێتیی مامۆستایان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، (ئەحمەد گەرمیانی) ڕایگەیاند: "هەمووان دەزانین بارودۆخی مامۆستایان ڕۆژبەڕۆژ لە خراپبووندایە و ترسی ئەوە هەبوو پرۆسەی خوێندن ڕابگیرێت، بۆیە ئێمەیش پەنامان بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم و (سەرۆك بارزانی) برد، سەرۆكیش بە دڵێكی فراوانەوە پێشوازی لێمان كرد و بە وردی گوێی لە ڕا و پێشنیازەكانمان گرت، (سەرۆك بارزانی) زۆر نیگەران بوو بە كێشەكانی مامۆستایان بە هۆی ئەوەی مامۆستا ئەركی گەورەی لە ئەستۆیە و نەوەیەكی نوێ پێدەگەیەنێ و ئاییندەی ئەم وڵاتە دیاری دەكات، بەڵام بارودۆخی ئابوورییان بە هۆی پاشەكەوتكردنی مووچە و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كەمێك تێك چووە، هەر بۆیە (سەرۆك بارزانی) پەیمانی پێمان دا لەگەڵ حكوومەتدا كۆ ببێتەوە و چارەیەك بۆ ئەم باروودۆخەی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بە تایبەتی دابنرێت و هەرچۆنێك بێت بڕێك پارە دابین بكەن و كێشەكە كەمێك چارە بكەن و دەستكاریی ئەو سیستەمە بكەن."

(گەرمیانی) گوتیشی: "لە تەوەرەیەكی تردا وەك نوێنەری مامۆستایان دەستخۆشیمان لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سەركەوتنی پلانەكانی سەرۆكی هەرێم كرد وەك پێشمەرگەیەك لە بەرەكانی جەنگدا، دواتر (سەرۆك بارزانی) بە وردی باسی چاكسازیی كرد و ڕایگەیاند: "شەڕی دژەگەندەڵی، لە شەڕی دوژمن و داعش قورسترە"، بەڵام سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە كە چۆن لە شەڕی داعش كۆڵم نەداوە، لە بەرانبەر ئەم گەندەڵیانەش بێدەنگ نابم جا هەركەسێك بێت لە پشت گەندەڵییەوە بێت."

ئاماژەی بەوەیش دا: "(سەرۆك بارزانی) زیاتر باسی ئەوەی كرد كە ئێمە بەرەو دەوڵەتی كوردستان دەڕۆین و هەریەكە و لە شوێنی خۆمانەوە دەبێت هەوڵ بۆ سەربەخۆیی بدەین كە خەون و مافی چەند ساڵەمانە."












KDP
Top