یەزدانپەنا: ئێران شەش سەربازگەی لە باشووری کەرکووک بەڕێوە دەبات
لە راپۆرتێکدا، کە رۆژی دووشەممە 22ـی ئابی 2016 رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردووەتەوە، حوسێن یەزدانپەنا، فەرماندەی هیزەکانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاندووە، ئێران بە نیازە لە باشووری کەرکووکەوە تاوەکو سنووری سووریا، سەربازگەی هەبێت و رێگای چوون بۆ سووریا، دابین بکات.
بە گوتەی حوسێن یەزدانپەنا، محەمەد رەزا شەهلایی، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای قودسی ئێرانی سەرپەرشتیی جوڵەی 1500 سەربازی ئێرانی لە سنووری پارێزگای کەرکووک دەکات.
سەرۆکی هێزی پێشمەرگەی پاک ئاماژەی بەوەش کردووە، کە محەمەد رەزا شەهلایی، موجتەبا ئەبتەجی، ئیرەج مەسجدی و ئەحمەد فرۆزندە سەرپەرشتیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەکەن و ئەوانیش لەژێر سەرکردایەتیی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی کار دەکەن.
حوسێن یەزدانپەنا شوێنی سەربازگەکانی ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە، کە سەربازگەکان دەکەونە نزیک گوندی بەشیر بە ئاراستەی ناوچەی مریەم بەگ، شارۆچکەی داقوق، شاری خورماتو، شارەدێکانی ئامرلی و تازە، شارەدێی سلێمان بەگ، کە هەموویان دەکەونە سنووری باشووری کەرکووک.
فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە رۆژنامەیەکی راگەیاندووە، کە راستە راوێژکاری سەربازیی و ئەفسەری ئێرانی لە سێ سەربازگەی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب لە سنووری خورماتوو هەن، بەڵام ”هیچ سەربازگەیەکی ئێرانی بە فەرمی، لە ناوچەکە نییە“.
باسنیوز
