یەکێتیى مامۆستایان و مامۆستایانى ناڕازی هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەى حکومەت کێشەکانیان بۆ چارسەر بکات

یەکێتیى مامۆستایان و مامۆستایانى ناڕازی هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەى حکومەت کێشەکانیان بۆ چارسەر بکات
ساڵى نوێى خوێندن بەڕێوەیە، مامۆستایان کێشەى کەمکردنەوە و دواکەوتنى مووچەکانیان هەیە و لە ١١ى ئەم مانگەشدا یەکێتیى مامۆستایان داوایکرد پێداچوونەوە بە سیستمى پاشەکەوتکردنى مووچەى مامۆستایاندا بکرێت، ئەگەر نا ئەمساڵ مەترسیی ڕاگرتنی پرۆسەی پەروەردە هەیە.

لەو چوارچێوەیەشدا سکرتارییەتى یەکێتى مامۆستایان یاداشتێکیان داوەتە حکومەت و دەڵێن تا سەرەتاى مانگى ئەیلول چاوەڕوان دەکەن بە ئەرێنى وەڵامیان بدرێتەوە.

وەک هەوڵێکى تر بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان وەفدێکى یەکێتى مامۆستایان سەردانى بازرانیان کرد و داوایان لێکرد چارەسەرێک بۆ خراپیى گوزەرانى مامۆستایان بدۆزێتەوە و چاو بە پاشەکەوتکردنى مووچەکانیاندا بخشێنرێتەوە.

وەفدەکەى مامۆستایان لەو کۆبوونەوەیەدا بە بارزانییان وتووە ئەگەر بارودۆخی دارایی مامۆستایان چاك نەكرێت وەرزى نوێى خوێندن بە شێوەیەکى تەندروست بەڕێوەناچێت.

بارزانیش بە ڵێنى بە وەفدەکەى یەکێتیى مامۆستایان داوە کێشەکانیان بۆ چارەسەربکات، بەجۆرێک ئەگەر مووچەى مامۆستایان لە سیستمى پاشەکەوتکردنیشدا دەرنەهێنرێت چاو بەڕێژەى پاشەکەوتکردنى مووچەکانیاندا بخشێنرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی سكرتاریەتی یەكێتیی ماموستاییان هێشتا وەڵامی داواکارییەکانیان لەحوكمەت وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانى ناڕازى سلێمانى دژی سیستمی پاشەكەوتکردنی مووچە خۆپیشاندانیان کرد و هۆشدارییان دایە حکومەت کە بەر لە دەستپێکردنەوەى خوێندن وەزارەتى پەروەردە لە سیستمى پاشەکەوتکردندا دەربکات و تەواوى شایستە داراییەکانیش بۆ مامۆستایان بگەڕێنێتەوە.

پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ لە سەرجەم ناوەندەکانى خوێندندا لەبەردەم هەڕەشەى بایکۆتکردندایە، یەکێتیى مامۆستایان و مامۆستایانى ناڕازیش هاوهەڵویستن لەسەر ئەوەى کە حکومەت کێشەکانیان بۆ چارسەربکات و هۆشدارییان داوە لەوەى ئەگەر بەر لە دەستپێکردنەوەى دەوام داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت پرۆسەى خوێندن بۆ ئەمساڵ بە باشى بەڕێوە ناچێت.
Top