منداڵێك لەكەركوك بە پشتێنی بۆمب رێژكراوەوە دەستگیركرا

منداڵێك لەكەركوك بە پشتێنی بۆمب رێژكراوەوە دەستگیركرا
كاتژمێر 9:20 خولەكی ئەمشەو منداڵێك لەگەڕەكی تسعینی شاری كەركوك بە پشتێنی بۆمب رێژكراوەوە دەستگیركرا.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی ئاگادار لەكەركوك وتی "ئەو منداڵە تەمەنی 14 بۆ 15 ساڵەو لە شەقامی سەركی نێوان گەڕەكی تسعین‌و گەڕەكی حەی خەزرا لەنزیك بەڕێوەبەرایەتی وەرزش‌و لاوان دەستگیركراوە".

دوای دەستیگركردنی منداڵەكە تیمەكانی پوچەڵكردنەوەی بۆمب گەیشتونەتە شوێنی دەستگیركردنی منداڵەكەو پشتێنە بۆمب رێژكراوەكەیان لەپشتی منداڵەكە كردوەتەوە.

عەقید فاروق هەمەوەندی بەرێوەبەری بنكەی ئاسایشی گەڕەكی واست لەكەركوك وتی"ئەو منداڵە دەستگیركراوە تەمەنی لە نێوان 12 بۆ 13 ساڵ دەبێت، ئاسایشمان بەجل‌و بەرگی مەدەنی لەو گەرەكە بڵاوە پێكردبوو، تواندرا دەستگیر بكرێت بەرلەوەی خۆی بتەقێنێتەوە".

پێش دەستگیركردنی ئەو منداڵەش ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەكی خۆكوژی لەحوسێنیەی جەعفەر سادق لەشاری كەركوك ئەنجامدراو 2 پۆلیس‌و هاوڵاتییەكی مەدەنی برینداربوون.

لیوا هەڵۆ نەجات بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی لەكەركوك راگەیاند"تەقینەوەكە خۆكوژی بووە‌و خۆكوژەكە پێش ئەوەی بگاتە ناو حوسێنییەكە خۆی تەقاندووەتەوە، بەهۆیەوە دوو پۆلیسی حوسێنیەكەو هاوڵاتیەك برینداربوون".

هاوكات عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك وتی"ئەوە زانراوە تەقینەوەكە خۆكوژی بووە".

هێزە ئەمنییەكان لەشوێنی تەقینەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی كەركوك

خۆكوژەكە پشتێنی بۆمب ڕێژكراوی بەستووەو بەرلەوەی بگاتە حوسێنییەكە لەلایەن پۆلیسەكانی پاسەوانی حوسێنییەكەوە تەقەی لێكراوەو لەدەرەوەی حوسێنییەكە خۆی تەقاندووەتەوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارتی لەكەركوك وتیشی"خۆكوژەكە تەمەنی 14 ساڵ كەمتر دەبێت‌و نازانرێت كوردە یاخود عەرەب چونكە پارچە پارچە بووە".



خەندان-
Top