مەلا بەختیار: یەكێتی لە سەرتاسەری کوردستان گۆڕانکاری ئەنجامدەدات

مەلا بەختیار: یەكێتی لە سەرتاسەری کوردستان گۆڕانکاری ئەنجامدەدات
مەلا بەختیار رایگەیاند، یەكێتی لە سەرتاسەری کوردستان گۆڕانکاری ئیداری ئەنجامدەدات و دەڵێت "ئەگەر پێویستی کرد وەزیرەکانیش دەگۆڕین".

رۆژی یەکشەممە 21-8-2016 مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی حیزبی لە خانەقین باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 20-8-2016ی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی لە بارەی گۆڕانکارییە ئیدارییەکان لە ھەرێمی کوردستان کرد.

مەلا بەختیار رایگەیاند، یەکێتی بڕیاریداوە، لەسەرانسەری کوردستاندا، گۆڕانکاریی ئیداری دەکات و دەڵێت "لەسەرانسەری پارێزگاکان، قەزا و ناحییەکانیشدا بڕیاری گۆڕانکاری داوە و ئەگەر پێویستیشی کرد، ئەوا لە ‌وەزیرەکانیشدا گۆڕانکاری دەکات".

بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانكارییانە، مەلا بەختیار دەڵێت "یەکێتی لیژنەیەکی باڵا و لیژنەی فەرعیشی دروستکردووە".

پێشتر سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند بوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتی پشتگری گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لە پۆستەکانی یەکێتی دەکات.

رۆژی شەممە 20-8-2016 مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆبووە.

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بە یەک پاکێج گۆڕانکاری لە زۆربەی پۆستە ئیدارییەکانی پشکی یەکێتی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێییەکانی دیکە بکرێت
Top