ئەنجوومەنی وەزیران بەتووندی ئیدانەی تەقینەوەکەی عەنتاب دەكات

ئەنجوومەنی وەزیران بەتووندی ئیدانەی تەقینەوەکەی عەنتاب دەكات
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەتووندی ئیدانەی تەقینەوەکەی شاری دیلۆکی تورکیا دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکات.

رۆژی یەکشەممە 21-8-2016 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا تەقینەوەکەی شاری دیلۆك (عەنتاب)ی توركیا-یان ئیدانە کرد و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیان و بریندارانی رووداوەكەش کرد.

لە پەیامێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئیدانەی تەقینەوەکەی دیۆلۆک(عەنتاب) دەکات و رایدەگەیێنێت "بە تووندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەکەین، کە دوێنێ 20-8-2016 لە شاری دیلۆک لە عەنتاب ئەنجامدرا و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانی کردە قوربانی"، هەروەها "پرسە و سەرەخۆشیمان ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان و گەل و حکومەتی تورکیا دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "ئەم کردەوە دڕندانەیەی تیرۆریستان هاوشێوەی رەفتارە نامرۆییەکانی دیکەیان كە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ناوچەکە و جیهاندا دووبارە دەبنەوە، دەبێ هاندەرێکی بەهێزبێت بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەکە تا بە ئیرادە و بەرپرسیارێتییەکی زیاترەوە رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری یەکدی بکەن لەپێناو لەگۆڕنان و بنەبڕکردنی تیرۆر و تیرۆریستان".

لە کۆتایی پەیامەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکەن کە "هیوادارین ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستیە بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن و گەلانی دراوسێ و جیهان بە ئارامی و دوور لە هەڕەشە و دەستی رەشی تیرۆریستان، لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندنی بەردەوامدا بن لەپێناو بنیاتنان و پاراستنی شارستانیەتێکی پێشکەوتووی ژیاندۆستانە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی".

كاژێر 22:52 خوله‌كی شه‌وی رابردوو ‌20-8-2016، كرده‌وه‌یه‌كی خۆكوژی لەلایەن داعشەوە له‌ گه‌ڕه‌كی به‌یباخچه‌ی شارۆچكه‌ی شاهینبه‌ی سه‌ر به‌ شاری دیلۆكی باكووری كوردستان لەنێو ئاهەنگێكی بووكگواستنەوەی خێزانێكی كورد ئه‌نجامدرا، بەپێی دوایین زانیارییەکان به‌هۆیه‌وه‌ 51 كه‌س شەهیدبوون و نزیكەی 100 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون، لەنێو شەهیدەكان بووك و زاواكەش هەبوون.




rudaw
Top