پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕاندا هاتووە نابێت بیر لە جیابوونەوە بکرێتەوە

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: لە ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕاندا هاتووە نابێت بیر لە جیابوونەوە بکرێتەوە
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق نین.

شیرین ڕەزا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی (ئەلمەعلومە)ی عێراقی ڕاگەیاندووە: “یەکێتی و گۆڕان لەئێستادا له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق نین و هۆكاره‌كه‌شی بۆ هۆکاری بابەتی و خودی دەگەڕێتەوە”. جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “له‌ ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان یه‌كێتی و گۆڕان كه‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی گرنگی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی کوردستان هێنایه‌ ئاراوه‌، جەخت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێستا نابێت بیر له‌ پڕۆژه‌ی ڕیفراندۆم و جیابوونه‌وه‌ بكرێتەوە".

بە گوتەی شیرین ڕەزا، هەرێمی کوردستان ئێستا “بنەماکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی نییە” و لە ڕووی ئابووری و ئاسایشەوە دۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر نییە، جگە لە بوونی ناكۆكی لەنێوان لایەنە ناوخۆییەکان لە لایەک و لە نێوان هەولێر و بەغدا لە لایەکی دیکە. دەشڵێت: “ئەو هۆکارانە وای لە هاوپەیمانێتییە نوێیەکەمان کردووەتەوە کە بەهیچ جۆرێک بیر لە جیابوونەوە لە عێراق نەکەینەوە”.







باسنيوز
Top