کادیرێکی یەکگرتوو: بەھۆی ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتییەوە داعش لە گەرمیان پیاسە دەکات
بێستون ژاڵەیی، کادیری پێشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: "ئەرێ ئەمە یەکێتی چی دەکات؟ ئاخر ماقووڵە ئەم حزبە گەورە و گرانە، کێشەی بەڕێوەبەرێکی ئەمنی پێ یەکلایی ناکرێتەوە، ھەڵە لە کوێیە؟ ئەم ھەموو تەسفیەی حساباتە چییە؟ یەکێتی و سەرکردەکانی تاکەی حاڵی نابن کە بەم تەکەتولات و یەکتر شکاندنە، ھەیبەتی خۆیان و حزبەکەیان وردوخاش دەکەن؟ ئێمە خەڵکی دەڤەری سەوز و نیلیش، بەتایبەت گەرمیانە داماوەکەی ئێمەش، بەدبەختتر ئەکەن".
ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەوەش دەخاتەڕوو: "بۆ خاتری پیرۆزیەکانتان، شەڕە لابەلاکانتان لەسەر لاشەی لاواز و داھێزراوی ئێمە یەکلایی مەکەنەوە، کە پێشتان یەکلایی ناکرێتەوە، ئەرێ ئێوە ھێزتان بەرامبەر کێ جوڵاندووە؟ئەم خەڵکە بەم ھەموو بەدبەختییەوە، موستەهەقی ئەمەیە کە پێی دەکەن؟ دیارە بە ھۆی بەیەکداھەڵشاخانە بێماناکانتانەوە، بیرتان چووە داعش نەک لە ھەندێ ناوچەی دیالە، بەڵکو لە گەرمیانیشدا پیاسە دەکات".
ژاڵەیی لە نووسینەکەیدا پرسیاری ئەوەشی کردووە: ”باشە کۆسرەت ڕەسوڵ کە ئێستا مەفروزە سکرتێری یەکێتی بێ، بۆ ناڕواتە ماڵی تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی سەنگاوی و ئەوانی دیکە، چارەیەک بۆ ئەم مەھزەلەیە بدۆزێتەوە، یان ھەمووان چاوەڕێی تەقینەوە و خوێن ڕژانن!".
باسنيوز
