سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆوە
ڕۆژی یەكشەممە 21ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیان لە سەرۆك بارزانی كرد و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان كرد لە سەكردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و پێزانینیان بۆ قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە تێكشكاندنی تیرۆر و پاراستنی وڵات. هەروەها وێڕای جەختكردنەوە لە هەڵوێستی خۆیان كە بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندنی گرفتی بۆ دروست نەبێت، باسیان لە كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان و باری دارایی و گوزەرانی خەراپی چینی مامۆستایان كرد. داوایشیان لە سەرۆك بارزانی كرد چارەسەرێك بۆ بارودۆخی مامۆستایان و گرفتی مووچەیان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی لە ئەرك و كارەكانیاندا بەردەوام بن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆڵی مامۆستایانی لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی كوردستان بەرز نرخاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەڵوێستی مامۆستایان لەدوای ڕاپەڕین و بەردەوامبوونی مامۆستایان لە پڕۆسەی خوێندن هەڵوێستێكە كە هەرگیز لەبیر ناكرێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی قەیرانی دارایی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە گرفتی گەندەڵی جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی گەندەڵی لە شەڕی تیرۆر سەختترە و بە هەموو توانایەك كار دەكات بۆ ڕیشەكێشكردن و نەهێشتنی گەندەڵی.
پەیوەست بە كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان سەرۆك بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ مامۆستایان نیشاندا و ڕایگەیاند هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە و چارەسەركردنی گرفتەكانی مامۆستایان چڕ دەكاتەوە.
KDP
