فەرماندەیەکی پێشمەرگە ڕەتی دەکاتەوە کە ڕێگە لە هاتنی ئاوارە بۆ کوردستان بگیرێت
هەندێک لە میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕێگا نادات خەڵکانی ژێر دەستی داعش کە بۆ هەرێمی کوردستان ئاوارە دەبن، بێنە سنووری کوردستان. لە بەرامبەریشدا، حەمید ئەفەندی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری باشیک، ڕایگەیاند: “پێشمەرگە بەهیچ شێوەیەک ڕێگری لە هاتنی خەڵکانی سڤیلی ژێر دەستی داعش ناکات کە بێنە سنووری کوردستان”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: “ئێمە رێکارێکی تایبەتمان هەیە بۆ ئەو کەسانە دێنە سنووری پێشمەرگە و خۆیان ڕادەست دەکەن، ئێمە ڕەوانەی ئاسایشیان دەکەین و لەوێ دوای لێکۆڵینەوە و وردبینی لە دۆسیەکانیان، دواتر ڕەوانەی کامپەکان دەکرێت، چونکە لە ماوەی ڕابردوودا چەند حاڵەتێکی تیرۆر لەناو ئەو خەڵکانە هەبووە کە پەیوەندییان لەگەڵ داعشدا هەبووە".
باسنیوز
