فەیسەڵ قاسم: بەشار لە دژی کورد رێگەی باوکی دەگریتە بەر
فەیسەڵ قاسم، راگەیەندنکاری ناسراوی عەرەب لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و حزبە کوردییەکانیش، کە مەبەستی لە حزبەکانی سەر بە پەکەکەی دەسەڵاتدارانی کوردستانی رۆژئاوایە، ”پەند وەرناگرن“.
فەیسەڵ قاسم باسی ئەوەی کردووە، کە پێشتریش حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە دژی تورکیا بەکاردەهێنا و دواتریش لەژێر هەڕەشەی تورکەکاندا، پشتی لە پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رێبەری کرد و بووە هۆی دەستگیر کردنی.
ئەو راگەیاندنکارەی عەرەب ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئێستای رژێمی سووریا، هەمان هەنگاوی باوکی دووبارە دەکاتەوە و ”بۆ رازیکردنی تورکیا، پشت لە کوردەکان دەکات و بۆردومانیان دەکات“ و پێشیوایە کێشەکەش لە بێ بەڵێنیی رژێمی سووریا نییە، بەڵکو لە پەکەکەیە، کە ”هیچ شتێک لە ئەزموونەکانی رابردوو فێر نەبوو“.
بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی ئاسایش و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلایەن و چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییە سووری و رووسییەکانەوە، نزیکەی 40 هاووڵاتیی شارەکە گیانیان لەدەست داوە.
رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2016، سوپای سووریا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا پاساوی بۆ بۆردومانکردنی شارەکە هێنایەوە و رایگەیاند، کە “ئاسایشی حەسەکە باڵی سەربازیی پەکەکەیە لە سووریا و نەوتی ئەو وڵاتە دەبەن و هاووڵاتییانی حەسەکە دەستگیر دەکەن”.
بۆ چارەسەرکردن و راوەستاندنی شەڕەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە ئیدارەی خۆجێیی لە شاری قامیشلۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە شاندێکی ئەمنی-سەربازیی رووسی و سووری لە بنکەی سەربازیی حومەیمیمی سوپای رووسیا و دیمەشقەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆوە گەیشتوونەتە قامیشلۆ.
دوای گفتوگۆیەکی یەک کاتژمێری، هەردوو شاندی هیزە کوردییەکان و رژێمی سووریا و رووسیا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و بەهۆی هەڕەشەی شاندە سووری و رووسییەکە و رەتکردنەوەی داواکانیان، شاندی کوردی بە توڕەیی لە کۆبوونەوەکە چوونەتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک.
باسنیوز
