ئاسایش بەرپرسێکی باڵای سووریا دەستگیر دەکات و رژێمی سوریاش هەڕەشەی وێرانکردنی حەسەکە دەکات

 ئاسایش بەرپرسێکی باڵای سووریا دەستگیر دەکات و رژێمی سوریاش هەڕەشەی وێرانکردنی حەسەکە دەکات
ئاسایشی کوردستانی رۆژئاوا لە شاری حەسەکە، بەرپرسێکی باڵای چەکداریی سەر بە رژێمی سووریا دەستگیر دەکات.



درەنگانی شەوی شەممە 20ـی ئابی 2016، ئەحمەد سعود، سەرکردەی میلیشیاکانی بەرگریی نیشتیمانیی سەر بە رژێمی سووریا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی حەسەکەوە، دەستگیر کرا.



شەریف شەحادە، پەرلەمانتاری پێشووی سووریا و میدیاکارێکی سەر بە رژێم لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەک کەسایەتییەکی سەر بە رژێم هەڕەشەی لە ئاسایش کردووە و پێیان دەڵێت، ”دیارە تاوەکو ئێستا تامی بەرمیلە بۆمبەکانتان نەکردووە؟“.



ئەو کەسایەتییەی سەر بە رژێمی سووریا لەسەر هەرەشەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت، وێرانکردنی حەسەکە بە بەرمیلە بۆمبەکانەوە تەنیا نیو کاتژمێر دەخایەنێت و هەموو شتێک دەسووتێنن.



لەشەڕی دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیپۆن، کە لە مانگئ ئاداری 2011ـەوە دەستی پێکردووە، سوپای سووریا بەرمیلی بۆمبڕێژکراو، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چەکێکی کۆمەڵکوژی داناوە و بەکارهێنانی قەدەغە کردووە، بە فڕۆکە سەربازیی دادەبارێنێتە سەر بارەگاکانی ئۆپۆزیسیۆن و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەهۆیەوە کوژراون.



بەهۆی شەڕی نێوان هێزەکانی ئاسایش و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەلایەن و چەکدارانی سەر بە رژێمی سووریا و بۆردومانی فڕۆکە جەنگییە سووری و رووسییەکانەوە، نزیکەی 40 هاووڵاتیی شارەکە گیانیان لەدەست داوە.



رۆژی هەینی 19ـی ئابی 2016، سوپای سووریا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا پاساوی بۆ بۆردومانکردنی شارەکە هێنایەوە و رایگەیاند، کە “ئاسایشی حەسەکە باڵی سەربازیی پەکەکەیە لە سووریا و نەوتی ئەو وڵاتە دەبەن و هاووڵاتییانی حەسەکە دەستگیر دەکەن”.



بۆ چارەسەرکردن و راوەستاندنی شەڕەکە، سەرچاوەیەکی ئەمنیی بەرپرس لە ئیدارەی خۆجێیی لە شاری قامیشلۆ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، کە شاندێکی ئەمنی-سەربازیی رووسی و سووری لە بنکەی سەربازیی حومەیمیمی سوپای رووسیا و دیمەشقەوە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆوە گەیشتوونەتە قامیشلۆ.



دوای گفتوگۆیەکی یەک کاتژمێری، هەردوو شاندی هیزە کوردییەکان و رژێمی سووریا و رووسیا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و بەهۆی هەڕەشەی شاندە سووری و رووسییەکە و رەتکردنەوەی داواکانیان، شاندی کوردی بە توڕەیی لە کۆبوونەوەکە چوونەتە دەرەوە، بەبێ ئەوەی بگەنە هیچ رێککەوتنێک.












باسنیوز
Top