نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووز
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی نێو وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، لە هەفتەی ڕابردوودا، کاری وردبینی لە لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆتایی پێ هاتووە. سەرچاوەکە گوتیشی: ”بە دڵنیاییەوە لەم هەفتەیەدا لە لایەن بریکاری وەزارەتی دارایی بە وەکالەت، لیستەکە واژوو دەکرێت و هەر لەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی 7ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەش دەکرێت“.
ئەو سەرچاوەیە لە بارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیار و هەوڵێک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزی ئەو وەزارەت و دەزگایانە نییە و گوتی: ”هێشتا دیار نییە چ کاتێک مووچەی وەزارەتەکانی دیکە دابەش دەکرێت، تەنانەت ئامادەکاریش بۆ دابەشکردنی مووچەیان نەکراوە“.
پێشتر عوسمان ساڵح، بەڕێوەبەری گەنجینەی ھەرێم لە لێدوانێکی تایبەت بە هەفتەنامەی ڕاگەیاندبوو، لیستی مووچەی مانگی ٧ی بەشێک لە وەزارەت و دامودەزگاکان وردبینی کراوە و ئامادە کراوە”. ئەوەشی دووپات کردبووەوە: "ھەر کاتێک وەزارەتی دارایی لیستی مووچە ڕابگەیەنێت، ئەو کات بۆ تەواوکردنی وردبینی و ئامادەکردنی چەکەکان، ئامادەین ڕۆژانی ھەینی و شەممەش دەوام بکەین".
بە ھۆی پاشەکەوتکردنەوە ئێستا وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی مانگێکی فەرمانبەران و مووچەخۆران پێویستی بە 430 ملیۆن دۆلار ھەیە.
بەڕێوەبەری گەنجینە دووپاتی کردەوە، ھەر کات بڕیار بدرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، ئەوا ھەموو ئامادەکارییەکیان کردووە و داواشیان لە وەزارەتەکان کردووە، لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ ڕەوانە بکەن. گوتیشی: "ئێمە پێمان خۆشە بۆ جەژن، مووچەی ھەموو فەرمانبەران بدرێت، پەنا بە خوا ئەوەش دەکرێت و قەیرانی داراییش لە ماوەیەکی کەمدا تەواو دەبێت".
باسنيوز
