شەرقولئەوسەت ”پلانی تیرۆرکردنی“ باڵیۆزی سعودیە بڵاو دەکاتەوە
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەکە، کە رۆژی یەکشەممە 21ـی ئابی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، گرووپەکانی میلیشیاکانی کەتائیبی خوڕاسان و ئەبولفەسڵ عەباسی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، پلانیان بۆ تیرۆرکردنی سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق داناوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، کە سامر سەبهان لە پلانەکە ئاگادار کراوەتەوە و ئەویش داوای لە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی عێراقی کردووە هەلیکۆپتەرێکی بۆ دابین بکات، تاوەکو لە بەغداوە بچێتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بەڵام وەزارەتەکە رەتی کردووەتەوە.
هەروەک شەرقولئەسوت بڵاوی کردووەتەوە، میلیشیا شیعەکان بە نیاز بوون بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی ناوخۆ و بە تابلۆی دروستکراو، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی باڵیۆزی سعودیە لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و شارەکە بە مووشەکی RPG بکەنە ئامانج و دواتر هەڵبێن بۆ ناوچە سوننەنشینەکان، تاوەکو دواتر لەو ناوچەیە و بە تۆمەتی کوشتنی باڵیۆزەکە، هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب دەستگیر بکەن.
پێشتر سامر سەبهان، نوری مالیکی، سەرۆک وەزیران عێراقی بە هاوکاریکردنی رێکخراوی توندڕەوی داعش تۆمەتبار کرد و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش، کە مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، داوای دەرکردنی سەبهانی کردبوو.
باسنيوز
