ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: گۆڕان و یەکێتی کێشەیان زۆرە

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: گۆڕان و یەکێتی کێشەیان زۆرە
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد کە تاوەکوو ئێستا لە لایەن فراکسیۆن و بزووتنەوەی گۆڕانەوە، هیچ کاندیدێک بۆ پۆستی پارێزگای سلێمانی پێشکەش بە ئەنجومەنی پارێزگاکە نەکراوە.



بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 21\8\2016، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گۆڕینی پارێزگار، بەهۆی کێشەی نێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنەکە، دواخرا، بەڵام بەهۆی پێداگریی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، ئێستا هەردوو فراکسیۆن لەنێو کۆبوونەوە دان.



لەمبارەیەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕاگەیاند، کێشەکەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو فراکسیۆنی گۆڕان و یەکێتی، ”کێشەیەکی زۆر و گەورەیە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەرچەندە ئەو دوو لایەنە بەپێی ڕێککەوتن دەیانەوێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن، بەڵام گوتی: ”یەکەم، بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کاندیدێکی نییە، لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەشدا ناوی هیچ کاندیدێک پێشکەش نەکراوە، ئەی خەڵک دەنگ لەسەر چی بدەن؟“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”دووەم، تاوەکوو ئێستا ئاسۆ فەرەیدوون، دەستی لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی نەکێشاوەتەوە، ئەمەش هۆکارێکە کە ڕێگرە لەبەردەم دانانی کەسێکی دیکە بۆ هەمان پۆست“.



بەپێی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی لە نێوان یەکێتی و گۆڕان، پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت و پۆستی پارێزگاری هەڵەبجەش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە لای بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت، ئێستاش وادەکە کۆتایی هاتووە و بەپێی ڕێککەوتنەکە بێت، دەبێت پۆستەکان لە نێوان ئەو دوو لایەنە ئاڵوگۆڕ بکرێن.







باسنيوز
Top