فازڵ میرانی: هەرێمی کوردستان چاوی لە بستێک خاکی غەیری کوردستان نییە

فازڵ میرانی: هەرێمی کوردستان چاوی لە بستێک خاکی غەیری کوردستان نییە
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) ڕاگەیاند، هەندێك لایەن هەن تۆمەت بۆ كوردستان هەڵدەبەسن كە هەرێمی كوردستان چاوی لە مووسڵە و دوای ئازادكردنی هەرێمی كوردستان دەیخاتە سەر هەرێمی كوردستان؛ میرانی ئەم بوختانەی بە نادروست و دوور لە ڕاستی لە قەڵەم دا و تەئكیدی كردەوە كە چاوی هەرێم لە بستێكی خاكی غەیری كوردستانی نییە و زۆر شوێنی غەیری كوردستانی كە بە دەستی پێشمەرگەوەیە، داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە كە بێت استلامی بكات بەڵام ڕازی نەبوونە.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پێشوازی لە نەسیر عانی جێگری ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراقی و شاندەکەی یاوەری كرد.

لە دانشتنێكدا كە مەحموود محەمەد و ڕێبوار یەلدا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و عسمەت ڕەجب بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.
فازڵ میرانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان تیشكی خستە سەر ڕەوشی ئەمڕۆی عێراق و كوردستان و ناوچەكە؛ میرانی دووپاتی كرد كە عێراق بە ناسەقامگیرترین كات تێدەپەڕێت و عێراق بووەتە گۆڕپانێك كە چەند وڵاتێكی دەستنیشانكراو گەمەی تێدا دەكەن و زاڵن لەسەر بڕیاری سیاسی و عەسكەری لە عێراق و ئەمە جێگای مەترسیە لەسەر پاشەڕۆژی عێراق.

هەروەها میرانی تەئكیدی كردەوە كە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان بەهەموو هێزەوە هەوڵی دا هەر لە ساڵی٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ كە عێراقێكی دیموكراتیک لەسەر شەنگستەی بەهێز بنیات بنێت بەڵام بە داخەوە تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە؛ جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێم هەوڵێكی خستە گەڕ بۆ لێكنزیکردنەوەی لایەنەكانی عێراق و پێكەوەیان دابنیشێنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گرفتەكان.

هەروەها میرانی ئاماژەی دا كە هەر لە ساڵی٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بووەتە جێگای حەوانەوەی پەناهەندەكان؛ زۆربەیان لە ناوچە سوننەنشینەكانەوە هاتوونە و ئێستا نزیكەی ٢ملیۆن پەنابەری عێراق لە هەرێمی كوردستاندا دەژین؛ سپاسی هێزە ئەمنییەکانی كوردستانی كرد بە هەموو پێكهاتەكانیەوە كە ئەمن و ئاسایشی هەرێم پارێزراوە و بەو هۆیەوە بووەتە پەنا بۆ هەموو عێراقییەكان كە ڕووی لێ دەكەن.
سەبارەت بە ڕەوشی ناوخۆی كوردستان میرانی دووپاتی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەركێكی مێژوویی لەسەر شانە كە پارێزراوی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بێت.
میرانی تەئكیدیشی كردەوە كە هەندێك لایەن هەن تۆمەت بۆ كوردستان هەڵدەبەسن كە هەرێمی كوردستان چاوی لە مووسڵە و دوای ئازادكردنی هەرێمی كوردستان دەیخاتەوە سەر هەرێمی كوردستان, میرانی ئەم بوختانە بە نادروست و دوور لە ڕاستی لە قەڵەم داو تەئكیدی كرد كە چاوی هەرێم لە بستێكی خاكی غەیری كوردستانی نییەو زۆر شوێنی غەیری كوردستانی كە بە دەستی پێشمەرگەن داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە كە بێت استلامی بكات بەڵام ڕازی نەبوون. میرانی دوپاتی كردەوە دەبێت ئێستا لایەنە سیاسیەكانی عێراق بەگشتی و لایەنەكانی پارێزگای نەینەوا بەتایبەتی ڕێك بكەون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شاری مووسڵ دوای ڕزگاركردنی لە دەستی داعش و ڕزگاركردنی پارێزگای نەینەوا لەلایەن هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی هەرێم.

لەلای خۆیەوە مامۆستا نەسیر عانی جێگری ئەمینداری گشتی حزبی ئیسلامی عێراقی بەناوی سەركردایەتی حزب و شاندەكەی سوپاسی مەكتەبی سیاسی پارتی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو ڕێز و سپاسی خۆیان پێشكەش بە جەنابی سەرۆكی هەرێم سەرۆك مەسعوود بارزانی كرد كە بووەتە برا گەورەی هەموو لایەنە عێراقییەكان و دەرگای هەرێمی كوردستان بە فەرمانی جەنابیان كراوەیە بە ڕووی خەڵكی مووسڵ و تكریت و دیالە و ئەنبار و هەموو عێراقییەكان كە هەڵدێت لە شەڕی داعش.

نەسیر عانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکەی حزبی ئیسلامیی عێراق و پارتی دیموكراتی كوردستانیشی بە مێژوویی و سەركەوتوو لە قەڵەم دا و هیوای خواست ئەم پەیوەندیانە بەرەوە پێشتر بڕوات. هەروەها هیوای خواست كە كوردستان لە گەشەسەندندا بێت.

شایانی باسە شاندی حزبی ئیسلامی عێراق پێكهاتبوو لە: نەسیر عانی جێگری ئەمینداری گشتی و عەمار یووسف و خەلەف حەدیدی و یوونس مادی و میقداد فەیزوڵا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبی ئیسلامی عێراق.
Top