سەعدی پیرە: پڕۆژەیەكی نوێمان بۆ پارتی هەیە

سەعدی پیرە: پڕۆژەیەكی نوێمان بۆ پارتی هەیە

سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبنەوە و پڕۆژەیەكی نوێیان بۆ چارەسەكردنی كێشەكان هەیە، لەبارەی ئاڵوگۆڕكردنی پۆستە ئیدارییەكانی سلێمانی و هەڵەبجەش بەتایبەت پارێزگاری سلێمانی، پێویانییە سبەی ئەو ئاڵوگۆڕە بكرێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند " لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چوونی دەستەیەک بۆ بەغدا درا، یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان ئەوەبوو دەستەیەک پێكبهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەن، بەتایبەت باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک لەڕێگەی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆی".

سەبارەت بەو دەستەیەی بڕیارە بچێتە بەغدا، سەعدی پیرە گوتی "بڕیاروایە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22-8-2016 سەردانی بەغدا بکەن، تێیدا هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەشدار دەبن سەبارەت بەو ئەنجوومەنە سیاسییەی وەک رەشنووسی پڕۆژەیەک بۆ لایەنە سیاسییەکان نێردراوە، ئەو ئەنجوومەنەش دەسەڵاتی سیاسی دەبێت و بۆ پرسە ستراتیجی و گەورەکان بڕیار دەدات، وەکو سێ سەرۆکایەتییەکە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وایە".

سەعدی پیرە گوتیشی "ئەو دەستەیەی ئێمە لەگەڵ دەستەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانی بەیەکەوە دادەنیشن، چونکە ئێمە پێمان گرنگە لەگەڵ ئەوەی هەندێک ناکۆکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام دەبێت کۆدەنگییەکی کوردی هەبێت". بەگوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەستەکەی ئەوان لە "مەلا بەختیار، قادر عەزیز، سەعدی پیرە و خالید شوانی"، پێکهاتووە.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە سەعدی پیرە گوتی: "سەرجەم پۆستەکان ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، ئێمەش پابەندین بە رێککەوتنەکەمان، بەڵام کەی گۆڕانکارییەکان دەکرێت، من گفتوگۆی ئەوە ناکەم، بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانیش پێموانییە سبەی ئەو ئاڵوگۆڕە ئەنجام بدرێت، گرنگ ئەوەیە ئەو پۆستە بە بەتاڵی نامێنێتەوە".

سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەل پارتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، سەعدی پیرە رایگەیاند "لە هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە، پڕۆژەیەکمان هەیە و تێیدا رێگەکانی چارەسەرکردن لەخۆدەگرێت".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان گوتی "ئێمە بڕوامان بەوە نییە لەگەڵ عێراق گفتوگۆکردن لەسەر چاککردنی بارودۆخی ئابووری لە هەرێم ناگەینە ئەنجام، دەتوانین بگەینە ئەنجام، بۆ ناتوانین بگەینە ئەنجام، چونکە چارەسەری دیکەمان نییە".
Top