لە دوای ٢٠٠٣ بۆیەکەمجار بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا سەردانی کەرکوکی کرد

لە دوای ٢٠٠٣ بۆیەکەمجار بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا سەردانی کەرکوکی کرد
ئەمڕۆ ٢٠ی ئابی ٢٠١٦ بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا سەردانی شاری کەرکوکی کرد، کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە بۆ یەکەمجارە لێپرسراوێکی باڵای ئەمریکا سەردانی ئەو شارە بکات.



باڵیۆزی ئەمریکا لەگەڵ نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان کردووە دەربارەی بارودۆخی ئەمنی ناوخۆیی عێراق و شەڕی داعش.



لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و کاریگەری لەسەر شاری کەرکوک کراوە.



ستیوارد جۆنز لە میانی کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی پارێزگاری کەرکوک دەربڕێوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی ئابوری و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە شاری کەرکوکدا.



هاوکات تێگەیشتنی خۆی دەربڕیووە لەبارەی ئەو کێشە و ڕێگرییانەی کە رووبەڕووی شاری کەرکوک بووەتەوە.



لەبەرامبەریشدا نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، ستایشی هاوکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە بەسەرۆکایەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.



هاوکات پارێزگاری کەرکوک بەناوی ئیدارەی پارێزگاوە داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە بۆ گێرانەوەی قەزای حەویجە و ناحیەکانی دەوروبەری لە دەستی داعش و کارکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و گێرانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان، بە تایبەت کە لەئێستادا شاری کەرکوک پێشوازیکردووە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئاوارە، کە زیاتر لە ٢٥ هەزار کەسیان لە دانیشتوانی ناوچەکانی باشوری شاری کەرکوکن.
Top