شەڕى حەسەکە دەستپێکى قۆناغێکى نوێیە لە نێوان کورد و ئەمریکا و ڕووسیادا
بە بۆچوونی بەشێک لە چاودێران ئەگەری چەند سیناریۆیەک هەیە:
یەکەم: ئامانجی کورتخایەنی شەڕەکە ئەوەیە کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی سەرقاڵی شەڕی حەسەکە بکرێن بۆ ئەوەی ئەو هێزە نەتوانێت بیر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی باب بکاتەوە بۆ پێکەوە بەستنەوەی کانتۆنەکانی عەفرین و کۆبانێ، حکومەتی سوریاش نیازی ئەوەی هەیە خۆی ناوچەی باب کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و تورکیاش کێشەی لەگەڵ هیچ هێزێکدا نییە لەو ناوچەیەدا بن جگە لە هێزە کوردییەکان.
دووەم: لایەنی کوردی باس لە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەکات دژ بە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشداریی وڵاتانی ڕووسیا و ئێران و تورکیا و حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، نیگەرانی هاوبەشی هەموو ئەم وڵاتانە دابەشبوونی سوریایە.
بەر لە هەفتەیەک بیناڵی یەڵدرم سەرۆکوەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا گۆڕانکاریی دڵخۆشکەر لە سوریا ڕوو دەدات، پێدەچێت گۆڕانکارییە دڵخۆشکەرەکە بۆ تورکیا هەمان ئەو شەڕە بێت کە لە حەسەکە دەستی پێکردووە، پێشتر تورکیا پەیەدە و یەپەگەی تۆمەتبار دەکرد بەوەی هاوپەیمانی بەشار ئەسەدن، بەڵام لە ئێستادا دۆخەکە تەواو گۆڕاوە، بە وتەی چاودێران تورکیا ئەمجارەیان دەیەوێت لە ڕێگەی بەشار ئەسەدەوە کورد لاواز بکات.
حکومەتی سوریا سەبارەت بە شەڕەکەی حەسەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا بۆ یەکەمجار یەپەگەی بە باڵی سەربازی پەکەکە ناوبرد، وەسفێک کە بە دڵی حکومەتی تورکیایە و تورکیا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ئەو هێزەی بە باڵێکی پەکەکە لە سوریا ناوبردووە، بۆیە چاودێران پێیانوایە ناوبردنی یەپەگە وەک باڵی سەربازیی پەکەکە لەلایەن سوریاوە ئاماژەیە بە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر سوریا و تورکیا دژی کورد.
سەبارەت بە ئێرانیش بە وتەی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان هێزە ئێرانییەکان و حیزبوڵای لوبنان بەشدارن لە شەڕەکەدا و سەبارەت بە ڕووسیاش بێدەنگی ئەو وڵاتە جێی پرسیارە پێشتر ڕووسیا یەپەگەی وەک هاوپەیمان سەیر دەکرد، بەڵام لە ئێستادا کە شەڕی نێوان سوپای سوریا و یەپەگە دەستی پێکردووە لە ڕوانگەی هەندێک لە چاودێرانەوە بێدەنگیی ڕوسیا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ڕوسیاش پشتگیری لە هێزەکانی بەشار ئەسەد لە دژی یەپەگە دەکات.
سێیەم: ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر دوو ڕیانێکدان، یان دەبێتواز لە سوریا بهێنن و ئەو وڵاتە بۆ ڕووسیا و ئێران جێ بهێڵن، یان ئەوەی لە ئەگەر بەردەوامبوونی شەڕدا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت پشتگیری هێزە کوردییەکان بکات بەو پێیەی لە ئێستادا ڕۆژئاوای کوردستان تاکە دەروازەی ئەمەریکایە بەڕووی سوریادا.
سەبارەت بە ئەگەری یەکەم وازهێنان لە سوریا بۆ ئەمریکا بە واتای شکستی ئەو وڵاتە و ڕۆژئاوا دێت لە بەرامبەر رکەبەرە دێرینەکەیان واتە ڕووسیادا، ئەمەش لەسەر ئاستی جیهاند وەک شکانی شکۆی ئەمریکا لێکدەدرێتەوە و قبوڵکردنی ئەم شکستە بۆ ئەمریکا کارێکی قورسە، هەر بۆیە هەندێک لە چاودێران پێیانوایە ئەمریکا لەم قۆناغەدا هەوڵ دەدات لە ڕیگەی دیپلۆماسییەوە دۆخەکە هێور بکاتەوە و پێش لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە بگرێت.
سەبارەت بە ئەگەری دووەمیش واتە پشتگیریکردنی هێزە کوردییەکان لەلایەن ئەمریکاوە لە بەرامبەر هێزەکانی سوریادا ئەمەشیان دەرەنجامەکەی بۆ ئەمریکا ئاسان نابێت، بەو پێیەی قەیرانی سوریا ئەوەندەی دیکە ئاڵۆز دەبێت لەلایەک بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیای لێدەکەوێتەوە کە ئەمەش بۆ هەر دوو وڵات مەترسیدارە، لەلایەکی دیکەشەوە پشتگیریکردنی لە کورد بۆ ئەمریکا بە واتای پشتکردن لە تورکیاش دەبێت، کە ئەمەشیان بۆ ئەمریکا کارێکی قورس دەبێت.
ئەگەر بێت و ئەمریکا ڕێگەی دووەم هەڵبژێرێت ئەوا لە داهاتوودا هاوکێشەکانی ناوچەکە تەواو گۆڕانگاریی بەسەردا دێت و هاوپەیمانێتی نوێ دروست دەبن کە کورد دەبێتە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییە کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام هەموو ئەو وڵاتانەشی کە کوردیان بەسەردا دابەشبوون دەکەونە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەوە کە ڕووسیا سەرکردایەتیی دەکات.
ئەوەی کە ئەمریکا کام ڕێگەیان هەڵدەبژێرێت تەنها لە داهاتوودا دەردەکەوێت، بەڵام هەر ڕێگەیەکیان هەڵبژێرێت ئەوا گۆڕانکاریی گەورە ڕوودەدات، هەر بۆیە زۆربەی چاودێران پێیانوایە کە شەڕی حەسەکە دەستپێکی گۆڕانکاری گەورەیە لە ناوچەکەدا و تەنانەت لە سەر ئاستی پەیوندیی هێزە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانیشدا ئەگەری ئەوە هەیە کە گۆڕانکاری بەسەر پەیوەندی هێزە کوردییەکاندا بێنێت.
