"پێشمەرگە بەخوێن ناوچەکانی ئازادکردوون و لە خاکی خۆیدا ناکشێتەوە"

فەرماندەکانی پێشمەرگە لەسەنگەری بەرگریدا دەڵێن، ئەو خاکەی کە پێشمەرگە بەخوێن ئازادی کردووە و خاکی کوردستانە مەحاڵە پێشمەرگە لێی بکشێتەوە؛ ئەو کەسەی کە لێدوانیش لەدژی پێشمەرگە دەدات با بیزانێ کە قسەکانیان لای ئێمە هیچ بەهایەکی نییە.

لیوا (تارق سلێمان هه‌رن) فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یى سپیلك و به‌رپرسى میحوه‌رى تلسقوفى هێزه‌كانى پیشمه‌رگه‌ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند:" ئەو لێدوانانەی کە لەدژ پێشمەرگە دەدرێن لە بەغدا لەلای پێشمەرگە هیچ بەهایەکی نییە؛ ئێمە ئەوەندە دەزانین کە ئەو شوینانەی پێشمەرگە ئازادی کردوون، خاکی کوردستانەو، ناوەستین تاوەکوو یەک بست لەخاکی کوردستاندا لەدەستی داعش مابێ، ناوەستین و گشتی ئازاد دەکەین و، دواتریش وەک شوورایەکی بەهێز دەیپارێزین.
عه‌قید نازم، فه‌رمانده‌ى لیواى 10ـى پیاده‌ى هه‌ولێرى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌رى مه‌خموور دا بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت:" گشت پێشڕەویەکی ئێمە بە فەرمانی سەرۆک بارزانی یە، ئەو شوێنانەی ئێمە رزگارمان کردوون، بۆ کەسی چۆڵ ناکەین ئێمە فەرمان لە سەرۆک بارزانی وەردەگرین و، ئەوانەی بەغدایش کە پێوەست بە پێشمەرگە دەدوێن، لەلای ئێمەوە گوێی بۆناگیرێ.

دەیشڵێ، پێشمەرگە باشدەزانی کە ئەو لێدوانەی عەبادی پێوەست بە پێشمەرگە دەیدات، لەژێر هەژموونی دەرەکیدایە و، چاویان بەسەرکەوتنەکانی پێشمەرگە هەڵنایەت، بۆیە پەستبوونە و کەوتوونەتە لێدوانی نابەجێ، ئێمە بەبیریان دێنینەوە کێبوو ئوستوورەی داعشی شکاند و ئامانجەکانی پووچەڵکردەوە! مەگەر هەر پێشمەرگە نەبوو وانەیەکی وای بەداعشدا کە تێکوپێکی شکاندن و لە ناوچەکەدا دووری خستنەوە.

لیوا (نووره‌دین حوسێن) فه‌رمانده‌ له‌ میحوه‌رى باشیكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: " ئەو ناوچانە پێشمەرگە بەخوێن ئازادی کردوون، ئەم خاکەی کە کوردستانە سنووری خۆمانە و پێشمەرگە دەیپارێزێ و لێی ناکشێتەوە. هەر شوێنێکیش کە خاکی کوردستان نەبێ، پێشمەرگە نایەوێ و لێی نامێنێتەوە، ئەگەر مەبەستی ئەوانیش دەورووبەری مووسڵە ئەمە سنووری کوردستانە و پێشمەرگە دەیپارێزێ.
Top