پارێزگارى حەسەکە داواى دانوستان و ڕاگرتنى شەڕ لە یەپەگە دەکات

پارێزگارى حەسەکە داواى دانوستان و ڕاگرتنى شەڕ لە یەپەگە دەکات
پارێزگارى حەسەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا داواى لە یەپەگە کردووە دانوستان ئەنجام بدەن و کێشەکان لە سەر مێزی گفتوگۆکردندا چارەسەر بکەن.

ئەمڕۆ ٢٠ى ئابی ٢٠١٦ محەمەد زەعال عەلى پارێزگارى حەسەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا داواى لە یەپەگە کرد لەگەڵ هێزەکانى سوپاى سوریادا دانوستان ئەنجام بدەن تاوەکو شەڕ ڕابوەستێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەى پارێزگارى حەسەکەدا داواى ئەوە لە ڕێدور خەلیل وتەبێژى یەپەگە کراوە دانوستان ئەنجام بدات تاوەکو ئارامى بگەڕێتەوە بۆ شارى حەسەکە.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى پارێزگارى حەسەکە، ئەو چەک و تۆپانەى لە دەستى یەپەگەدان دەبێت بۆ شەڕ لە دژى داعش بەکار بهێنرێت.

پارێزگارى حەسەکە ئیدعاى ئەوەشیکردووە "سوپاى سوریا تانک و تۆپى داوە بە یەپەگە بۆ ئەوەى شەڕى داعشى پێ بکات نەک لە دژى خەڵک بەکاریان بهێنێت".

تا ئێستا بەرپرسانى ڕۆژئاواى کوردستان و هێزەکانى یەپەگە لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى پارێزگاى حەسەکەوە هیچ لێدوانێکیان بڵاونەکردووەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژى ١٦ى ئابی ٢٠١٦ شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانى یەپەگە و ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان و هێزەکانى ڕژێمى سوریا لە شارى حەسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان دەستیپێکردووە.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانى ڕژێمى بەعسى سوریا لە ١٨ى ئابى ٢٠١٦ دەستیانکردووە بە بۆردومانکردنى شارى حەسەکە و ئەوەش بووەتە هۆى ئاوارەبوونى بەشێک لە هاووڵاتیانى ئەو شارە و لێکەوتنەوەى زیانى ماددى.

هاوکات ڕۆژ ١٩ى ئابی ٢٠١٦ هاوسەرۆکانى هەرێمى فیدڕاڵیى دیموکراتى ڕۆژئاوا – باکوورى سوریا ڕایانگەیاندبوو، تورکیا لە پشت هێرشەکانى ئەمدواییەى ڕژێمى سوریاوەیە.

لەگەڵ بەردەوامیى شەڕ لە شارى حەکەسەکە ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتى ڕایگەیاندووە "ڕژێمی بەعسی سوریا لەگەڵ ئێران و تورکیادا هەماهەنگیکردووە بۆ ئەوەی ڕێگە لە پڕۆژەی دیموکراتی باکووری سوریا و ڕۆژئاوا بگرێت".

بەهۆى پێکدادانەکانەوە زیاتر لە ٤٨ سەربازى ڕژێمى سوریا کوژراون و ٣٣ سەربازى تری ڕژێمى ئەسەد لەلایەن یەپەگەوە دیلکراون، کە ١٢ کەسیان بەرپرسى سەربازین. هێزەکانى یەپەگەش بەردەوامن لە گەمارۆدان و پێشڕوەیکردن لە حەسەکەدا.

هاوکات سوپاى سوریا لەبارەى شەڕى حەسەکەوە ڕۆژی ١٩ى ئابى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، ئاسایش باڵى سەربازیى پەکەکە، هەوڵیاندابوو شارى حەسەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و سوپاى عەرەبیى سوریاش بۆ پاراستنى یەکپارچەیى سوریا وەڵامێکى گونجاوى داونەتەوە.

هەروەها ڕۆژى ١٩ى ئابی ٢٠١٦ ڕیدور خەلیل وتەبێژى یەپەگە ڕایگەیاندووە، ئەوەى لە شارى حەسەکە ڕوو دەدات شەڕێکى ڕاستەقینەیە.

ئەمڕۆ ٢٠ى ئابی ٢٠١٦ یەپەگە لە دووەمین ڕاگەیاندراویدا لەبارەى شەڕەى حەسەکەوە ڕایگەیاندبوو "ڕژێمى سوریا سەرقاڵى شەڕڤانانى لە بەرەکانى شەڕى شەدادێ و منبجدا قۆستووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر حەسەکە، بەڵام ئێمە ئەو هێرشە بە بێ وەڵام ناهێڵینەوە و ناوچەکە لە تیرۆرى ڕژێمى سوریا دەپارێزین".

گرژییەکانى پارێزگاى حەسەکە

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژانى ١٧ و ١٩ى نیسانى ٢٠١٦ دا بەشێک لە هێزەکانى ڕژێمى ئەسەد لە شارى قامیشلۆ هەوڵیاندابوو دوو گەنج دەستگیر بکەن و ئەوەش بووە هۆى پێکدادان لەنیوان هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزەکانى ڕژێمى سوریا، کە لە ئەنجامدا سێ ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و حەوت ئەندامى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان و ١٧ هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و زیاتر لە ٣٥ کەسیش لە هێزەکانى ڕژێمى سوریا کوژران.

دوابەدواى ئەوەش لە ڕۆژى ١٨ى ئایارى ٢٠١٦ پێکدادانێکى دیکە لە نێوان هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان و هێزەکانى ڕژێمى سوریا لە شارى حەسەکە ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا پێنج سەربازى ڕژێمى ئەسەد کوژران و بەهۆى هێرشى سەربازانی سوپاى ڕژێمى ئەسەدەوە دوو هاووڵاتى شەهید بوون و دوو هاووڵاتی تریش بریندار بوون.

یەپەگە ڕۆژى ٦ى حوزەیرانى ٢٠١٦ ڕایگەیاند، ڕژێمى سوریا بە هاوکاریى ئێران لە شارى حەسەکەى ڕۆژئاواى کوردستان هێزێکی بە ناوى حەجاجەوە دروستکردووە. بەپێى لێدوانى ڕێکخستنەکانى یەپەگەش، ئامانجى ئێران و ڕژێمى سوریا لە دروستکردنى ئەو هێزە "نانەوەى ئاژاوەیە" لە نێوان پێکهاتەکانى حەسەکەدا.

بەشى ڕێکخستنى هێزەکانى یەپەگەش بۆ پێشگرتن لە ڕووداوى نەخوازراو، کۆبوونەویەکی بۆ ڕیش سپیان و سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی ئێلى بەگارا، شەرابییە، میامرەی شارى حەسەکە لەماڵى شێخ ساڵح ئەل شێخ لە گەڕەکى مشێفرى شارى حەسەکە ڕێکخستبوو و داواى کردبوو نەبنە بەشێک لە پلانەکانى ئێران و ڕژێمى سوریا.

دوابەدواى ئەوەش ڕۆژى ١٩ى حوەزیرانى ٢٠١٦ ڕۆژنامەى حەیات بڵاویکردبووە، سوریا و تورکیا و ئێران دەیانەوێت ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە بکەنەوە.

لە بەردەوامیى پێشهاتەکانى پارێزگاى حەسەکە لە ڕۆژئاواى کوردستان، شەوى ٣ى تەمووزى ٢٠١٦ چەکدارەکانى هەواڵگریى بەرگریى ئاسمانیى و چەکدارەکانى بەرگریى وەتەنیى ڕژێمى سوریا هێرشێکیان کردبووە سەر بازگەى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان لە شارى حەسەکە. هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستانیش بەرەنگارى ئەو پەلامارەى چەکدارەکانى ڕژێمى بەعسى سوریابوونەتەوە و لە ئەنجامدا حەوت چەکدارى ڕژێمى سوریا لە ناو بازاڕى شارى حەسەکە کوژراون و سێ ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستانیش برینداربوون.

دوابەدواى ئەوەش ڕۆژى ٤ى تەمووزى ٢٠١٦، چەکدارەکانى ڕژێمى ئەسەد بە قەناس هاووڵاتیانى مەدەنییان کردووەتە ئامانج و تەقەیان لێدەکەن و بەو هۆیەوە حەوت هاووڵاتى برینداربوون. ئەوەش بووەتە هۆى ئەوە دوێنێوە هەزاران هاووڵاتى لە گەڕەکى نشوەى ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو نشوەى ڕۆژئاوا کۆچیان کردووە و ئەو هاووڵاتیانەش لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە پارێزگارییان لێدەکرێت.

ڕۆژی ١٦ى ئابی ٢٠١٦ و جارێکیتر بەهۆى هێرشى چەکدارەکانى ڕژێمى بەعسەوە بۆ سەر خاڵێکى پشکنینى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان لە ناو بازاڕى قامیشلۆ، پێکدادان لە نێوان هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان و چەکدارەکانى ڕژێمى بەعسى سوریا ڕوویاندا و بەو هۆیەوە ١٤ سەربازیى ڕژێمى سوریا کوژران و هەشت سەربازى تر برینداربوون. هەروەها دوو ئەندامى ئاسایشى ڕۆژئاواى کوردستان شەهید بوون و هەشت هاووڵاتیش بریندار بوون.

پێشتریش و لە ساڵى ٢٠١٤دا سەرچاوەکانى هەواڵ لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە بڵاویانکردبووە، ڕژێمى ئەسەد لە حەسەکە بە چەک و هێزى ئێرانییەوە چەند هێرشێکى لە دژى یەپەگە ئەنجامداوە.

گرنگیى پارێزگاى حەسەکە

ڕووبەر پارێزگاى حەسەکە ٢٣ هەزار کیلۆمەتر چوار گۆشەیە و لە چوار قەزا و چوار ناحیە پێکهاتووە. پارێزگاى حەسەکە سێیەم گەورەترین پارێزگاى سوریایە، بەپێى ئامارى ساڵى ٢٠١٣ دانیشتوانى حەسەکە یەک ملیۆن و ٣٧٧ هەزار کەس بووە.

زیاتر لە ٩٠% پارێزگاى حەسەکە لە ژێر کۆنترۆڵى هێزەکانى یەپەگە و یەپەژ و هەسەدەدایە. پارێزگاى حەسەکە سەر بە کانتۆنى جزیرەیە لە ڕۆژئاواى کوردستان، کە ٢٢ى کانوونى دووەمى ٢٠١٤ دامەزراوە.

پارێزگاى حەسەکە گەورەترین سەرچاوەکانى نەوت و غازى ڕۆژئاواى کوردستان و هەموو سوریاى تێدایە و زۆربەى هەرە زۆرى سەرچاوەکانى نەوت و غازى ئەو پارێزگایەش لە کۆنتڕۆڵى یەپەگەدان.
دانیشتوانی پارێزگاى حەسەکە لە کورد و عەرەب، ئەرمەنى، ئاشورى و سریانی، تورکمەن پێکهاتوون.

گۆڕینى دیموگرافیاى حەسەکە لەلایەن ڕژێمەى ئەسەدەوە

حکومەتى سوریا لە چوارچێوەى سیاسەتى پشتێنەى عەرەبیدا لە ساڵى ١٩٦٥ەوە بەشێک لە دیموگرافیاى ئەو پارێزگایە گۆڕی و ژمارەیەک خێڵى عەرەبى لەو پارێزگایەدا نیشتەجێ کرد و هەروەها ناوە ڕەسەکانى زۆربەى شوێنەکانى ئەو پارێزگایە گۆڕى بۆ عەرەبى.

ناوەندى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى ڕۆژئاوا (NRLS) ڕۆژى ٢ى ئایاریى ٢٠١٥ نەخشەى کانتۆنى جزیرەى لە ڕۆژئاواى کوردستان بڵاوکردەوە، کە لە نەخشەکەدا هەموو ناوە بە عەرەبکراوەکان لە کانتۆنى جزیرە، کە ناوى هەزار و ٤٠٠ شار و شارۆچکە و گوند و شوێنى مێژوویى لە خۆ دەگرن، گۆڕدراون بۆ سەر ناوى کوردى و ڕاستەقینەکانى خۆیان.

حکومەتى ئێران لە سوریا

بەپێى سەرچاوە جۆراجۆرەکانى هەواڵ حکومەتى ئێران لە سەرەتاى شۆڕشى ئازادیى خەڵکى سوریاوە هێزى ئەمنی و سەربازى و ڕاوێژکارى بۆ پاراستنى ڕژێمى ئەسەد ڕەوانەى سوریا کردووە. هێزە سەربازییە جۆراجۆرەکانى ئێران لە زۆربەى ئەو ناوچانەدا کە سوپاى ئەسەد سەرکەوتنى تێدا بەدەستهێناون بەشداربوون.

یەکێک لە بەناوبانگترین کەتیبەکانى ئێران بۆ جەنگ لە دژى نەیارەکانى ڕژێمى ئەسەد کەتیبەى فاتمیونە، کە بەشدارە لە جەنگەکانى دەرووبەرى حەڵەبدا.

بەپێى سەرچاوە میدیایەکان نزیکەى هەزار و ٢٠٠ سەرباز و هێزى ئێران لە جەنگى پێنج ساڵەى سوریادا بۆ بەرگریکردن لە ڕژێمى ئەسەد کوژراون، کە ژمارەیەکیان فەرماندە باڵاکانى سوپاى پاسداران و کەسانى دیاربوون لە ئێراندا.

ئێران - تورکیا - سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان

ئێران و تورکیا و سوریا لە دواى ڕاگەیاندنى سیستمى فیدڕاڵى لە ڕۆژئاواى کوردستان لە ١٧ى ئازارى ٢٠١٦دا، بەشێوەى هەماهەنگ و فەرمى دژایەتیى خۆیان بۆ فیدڕاڵیى ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند. جگە لە ڕۆڵى سەربازى و سیاسیى ئێران لە سوریا، لە زۆرێک لە میدیاکانى تورکیا و جیهانەوە حکومەتى ئەنقەرە بەوە تۆمەتبار کراوە، کە هاوکاریى چەکدارەکانى داعش و بەرەى نوسرە و گروپە توندڕەوەکان دەکات. لە ماوەکانى ڕابردوشدا تورکیا چەندین جار سنوورى ڕۆژئاواى کوردستانى بەزاندووە و ژمارەیەک ناوچەى ڕۆژئاواى کوردستانى تۆپباران کردووە. تورکیا کاریش بۆ ئەوە دەکات ناوچەیەکى ئارام لە نێوان کانتۆنى عفرین و کۆبانێ لە ڕۆژئاواى کوردستان دروست بکات. لە ئەگەرى دروستبوونى ئەو ناوچەیەدا بەستنەوەى کانتۆنەکانى کۆبانێ و عفرین بە یەکەوە ئەستەم دەبێت.
Top