هەرکی: پێشمەرگە لەبەر ئەم دووهۆکارە لە پرۆسەی رزگارکردنی مووسڵدا بەشدار دەبێ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان (نازم ھەرکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) و (نوری مالیکی) و لیستی دەوڵەتی قانوون پێوەست بە رزگارکردنی مووسڵ، ھەمان ئەو سیاسەتەی پێشووە کە مووسڵ و تکریت و رەمادی و ناوچەکانی دیکەی پێ رادەستی داعش کرا.
دەیشڵێ، مالیکی تایفەگەری دەکرد، خەڵکی ناوچەکەی پشتگوێخستبوو، بۆیە داعش هات و دەستی بەسەرناوچەکەدا گرت؛ ئێستایش خەڵکی ناوچەکە تێگەیشتوون لەو سیاسەتی مالیکی و لەو جۆرە لیدوانانەی کە عەبادیش دەیدات، بۆیە خەڵکەکە دژی سیاسەتی مالیکی و عەبادییە، ئەگەر ئەم دوو کەسە واز لەو سیاسەتەیان نەهێنن خەڵکەکە کاردانەوەی توندی دەبێ.
(نازم هەرکی) بەبیریان دێنێتەوە ئایا نازانن کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس ئاوارەیە و، وا لە هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن، ئایا بوێری پێشمەرگە نابینن کە چۆن ناوچەکانی ئازادکردووەتەوە و داعشی راماڵیوە؛ ئەو خەڵکەی کە ئاوارەی هەرێم بووە ئێستا دژی دەوڵەتی قانوون هەڵوێستیان هەیە، چونکە ئەوان دەزانن کە کێ عێراقی بەو دەردە برد.
ئاماژەیشی دا کە کاتی خۆسەپاندن بەسەرچووە، عەبادی و مالیکی ناتوانن بڕیاری وا بسەپێنن کە کێ بەشداردەبێ لە گرتنەوەی مووسڵدا، بەڵکو ئەمە هێزی هاوپەیمانان و خەڵکی ناوچەکەیە بڕیار دەدات؛ وەک لای عەبادی و مالیکیش روونە کە خەڵکی ناوچەکە دژی بەشداریپێکردنی حەشدی شەعبین لە پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵدا.
هەرچی پێوەست بە پێشمەرگەیە دوو هۆکار هەن کە پێشمەرگە لە پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵدا بەشداربێ، یەکەمیان پێشمەرگە لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی دەولییە بۆ شەڕی دژ بە داعش و، دووەمیشیان خەڵکی ناوچەکە داوایان لە پێشمەرگەیە کە بۆ گرتنەوەی مووسڵ بەشدار بێ.
