عارف ڕوشدی: هیوادارین قسەكانی بایك لە ئەنجامی هۆشیار بوونەوەیان بێت
ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات كە كاربكرێت بۆ ئەوەی پارتە كوردستانییەكان بەیەكەوە بن، لەبەرئەوەی جیهان لە گۆڕانكارییە و كوردیش دەبێت بەرنامەی خۆی هەبێت.
عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بارزانی ڕاگەیاندوە هێزە كوردستانییەكان بەرپرسیاریەتی گەورەیان لەسەر شانە، بۆیە دەبێت هێزە كوردستانییەكان لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییە بن، لەبەرئەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی ئەو هەڵومەرجەی تێدایە، پشتیوانی سەرجەم پارچەكانی كوردستان دەكات". عارف ڕوشدی ئەوەش ڕوون دەكاتەوە: "ناوچەكە بەرەو شەڕێكی جیهانی گەورە دەچێت و دەرهاوێشتەی خۆی دەبێت، كوردیش یەكێكە لەناو گۆڕانكارییەكان، بۆیە ئەگەر بە باشی خۆمان ئامادە نەكەین و بەرنامەی كارمان نەبێت، ئەوە زەڤەرمان پێ دەبەن، لەبەر ئەمەش پەكەكە واباش بوو كە باشتر بیر بكاتەوە و بیر لە داهاتووی دوورتر بكاتەوە". ئەو ڕاوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتیشی: "پەكەكە بەبێ ئەوەی تەدەخولی كاروباری پارچەكانی دیكە بكات، دەتوانێت پشتیوانی بێت، بۆیە قسەكانی جەمیل بایك كە ئامادەی دەربڕیوە لەگەڵ بارزانی كۆببێتەوە، هیوادارین لە ئەنجامی هوشیاربونەوەیان بێت و هەست بكەن كە چۆن پیشوتر بەكارهاتوون".
