ئەنقەرە دەیەوێ دان بەدەسەڵاتی ئەسەد دابنێتەوە

 ئەنقەرە دەیەوێ دان بەدەسەڵاتی ئەسەد دابنێتەوە
بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند رووسیا و ئەمریکاش دەزانن بەشار ئەسەد سەرۆكی رژێمی سوریا ئەستەمە بتوانێ ھەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئێستە یەکێک لە ئەکتەرەکانی سوریا ئەسەدە.

یڵدرم ئەمڕۆ شەممە باسی لە پێشھاتەکانی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەکان کرد و گوتی "پرسیارەکە لێرەدایە ئەوەیە کە ئایا ئەسەد دەمێنێتەوە یان نا؟ ئەو چووەتە خوێنی ٥٠٠ ھەزار کەس. ئایا لە وادەی دوور سووریا بەرگەی ئەسەد دەگرێت؟ پێموایە بەرگە ناگرێت".

گوتیشی "ئەمڕۆ رووسیا و ئەمریکاش دەزانن ئەسەد ئەستەمە بتوانێ ھەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە. ئێمە پێمانوایە نابێت ئەسەد ، پەکەکە و داعش لە داھاتووی سووریا بوونیان ھەبێت. بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ئێستە یەکێک لە ئەکتەرەکان ئەسەدە".

یڵدرم رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەکردنی کێشەی سووریا نیشان داوە و ھاوکات یەکێک لەو وڵاتانەی کە پێویستە تاوتوێی لەگەڵ بکرێت، تورکیایە بەھۆی بوونی ٩١١ کیلۆمەتر سنوور لەگەڵ ئەو وڵاتە.

سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند کە لەبەر ئەوەی عێراق بە ھەمان شێوە سەقامگیری نییە ، بۆیە ناکرێت چاوەڕێی رۆڵی کاریگەری لەسەر بابەتی سووریا لێ بکرێت.

یڵدرم لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "لەوەتەی چەند ساڵی رابڕدوو کێشەی نوێنەرایەتی لە سووریا ھەیە و ئەمەش سەرچاوەی کێشەکانە. بەم پێیەش پێویست بە دەسەڵاتێکی گشتگیر دەکان کە گشت نەتەوەکانی وەک عەرەب، کورد، نوسەیری لەخۆ بگرێت. لە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمانە ھەموویان دیار کراون کە ئایا کێ ئەم دەسەڵاتانە دەگرێتە دەست".





















باسنيوز
Top