ناکۆکیی باڵەکانی یەکێتی لەسەر گۆڕینی بەرپرسێکی ئەمنی بەردەوامە

 ناکۆکیی باڵەکانی یەکێتی لەسەر گۆڕینی بەرپرسێکی ئەمنی بەردەوامە
بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە سەرچاوەیەکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەست کەوتووە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەوڵیداوە عەلی محەمەد شاسوار، بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان لابدات، بەڵام باڵەکانی دیکەی نێو یەکێتی بەرامبەر بە هەوڵەکەی وەستاونەتەوە. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش داوا دەکات، ئەو پۆستانە بە حزبی نەکرێن.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، پشتیوانی لە مانەوەی عەلی محەمەد شاسوار لە پۆستەکەی دەکات، بەو هۆیەوە ڕۆژی 3\8\2016، سەنگاوی بە سیفەتی سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە گەرمیان، لەگەڵ عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی کە سەر بە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، کۆبوونەوەیەکیان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ شەممە 20\8\2016، میدیاکانی نزیک لە یەکێتی بڵاویان کردەوە کە یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی پارێزگا و قایمقامیەتەکانە کە ڕەنگە لە نێویاندا پرسی گۆڕینی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان هەبێت.

پێشتر مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند: “من لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکانەوە ئەوەم زانیوە، بەڵام مادام لێدوانی ڕۆژنامەنووسی لەو بارەوە دراوە و قسەی دژبەرەکان وەرگیراوە، ئەوا مانای وایە کە گرفت هەیە، ئیتر نازانرێت ئەم گرفتە لەسەر چییە و کەی چارەسەر دەبێت؟”.

لە لایەن خۆیەوە نازم هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ، ڕایگەیاند: “پۆستی ئەمنی زۆر هەستیارە، دەبێت بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ناکرێت بەپشک پشکانێ و باڵ باڵانێ ببەسترێتەوە، کاتێک کەسێک شیاوی پۆستی ئەمنی نەبێت، ناکرێت لەسەر حسابی پشک پشکانێ و باڵ باڵانێ حساب بکرێت”. بە پێویستیشی زانی، کەسانی ئەمنی لە کێشەی نێوان باڵەکان دوور بن و ناکرێت باری ئەمنی تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت.












باسنیوز
Top