سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە

 سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شاری مووسڵ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لێدوانی جۆراوجۆر ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەكاتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ، باس لە ڕۆڵی پێشمەگە دەكات و ئاماژە بەوەش دەدات كە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ، گرنگییەكی تایبەتی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا هاتووە.

دەقی ڕاگەیەندارەوەكە:

سەبارەت بە ئۆپەڕاسیۆنی ئازادكردنی شاری موسڵ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڵاوبوونەوەی لێدوانی جۆراوجۆر لە میدیاكان لەمبارەیەوە، بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە: یەكەم: شەڕی تیرۆریستانی داعش ئەولەویەتی سەرەكی هەرێمی كوردستانە و لەم دوو ساڵەدا پێشمەرگە قارەمانانە ئەركی خۆی بەجێ گەیاند و ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شكا.

دووەم: ڕزگاركردنی شاری موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان و ناوچەكە گرنگە و جێگەی بایەخە و، جگە لە لایەنی سەربازی پێویستە دەرئەنجام و دەرهاوێشتە مرۆیی و سیاسییەكانی و كاریگەریی لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە لەبەرچاو بگیرێت.

سێیەم: بەلای هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكان و خەڵكی پارێزگای نەینەواوە، قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ گرنگییەكی تایبەتی هەیە و بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا هاتووە و بۆ ئەوەی گرفتی تر سەرهەڵنەدات و دڵنیایی تەواو بدرێتە پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا و دانیشتوانی شاری وموسڵ پێویستە ڕێككەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنەكان هەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی شاری مووسڵ و پارێزگای نەینەوا.

چوارەم: لەبارەی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە دەبێت كە پێشتر لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بوونی هەبووە و هەروەها هەر ڕێككەوتنێك كە لە داهاتوودا لەنێوان ئەو سێ لایەنە دەبەسترێت.



سەرۆكایەتیی هەرێمی كودستان

20/8/2016










باسنیوز
Top