رووسیا داوای راگرتنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکات

 رووسیا داوای راگرتنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەکات
کۆماری رووسیای فیدڕال داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراقی دەکات، کارەکانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رابگرێت.

بەپێی هەواڵێک ئاژانسی (تاس)ی رووسی، سوپای رووسیا رایگەیاندووە، پلانی هێرشی سەربازیی فراوان بۆ سەر رێکخراوی توندڕەوی داعش لە سووریا دادەنێت و ناو لە هێرشەکەش دەنرێت ”کوشتوبڕی فراوان“.

هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکە بە بەشداریی 69 فڕۆکەی جەنگیی جۆری سوخۆی 160 مووشەکی گەورەی جۆری تۆپلۆڤ ئەنجام دەدرێت، وێڕای بەکارهێنانی ژێردەریایی و کەشتییە جەنگییەکانی سووریا لە دەریای ناوەڕاست.

بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، دەسەڵاتدارانی رووسیا داوایان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق کردووە، بۆ ماوەیەک هەردوو فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی دابخات، بۆ پاراستنی فڕۆکەخانە و فڕۆکەکان لەهەر رووداوێک.

بەشێک لە مووشەکەکانی سوپای رووسیا لە دەریای قەزوین لە باشووری رووسیا و بەشێکیشیان لە شاری هەمەدان لە ئێرانەوە و بەسەر ئاسمانی کوردستانی باشوور، ئاراستەی بارەگاکانی داعش دەکات.

لە مانگی ئەیلوولی 2015، سوپای رووسیا رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانیان بەشداریی شەڕی ناوخۆیی سووریا دەکەن و بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردومان دەکەن، بەڵام گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا رایدەگەیەنن، کە سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی بەشار ئەسەد بۆردومان دەکەن نەک داعش.








باسنيوز
Top