ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: پێشتر بە پەیەدەمان گوتبوو کە بەشار ئەسەد جێی متمانە نییە

 ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی: پێشتر بە پەیەدەمان گوتبوو کە بەشار ئەسەد جێی متمانە نییە
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕەخنە لە سیاسەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دەگرێت، بەوەی نەیتوانیوە هاوسەنگیی کوردستانی ڕۆژئاوا بپارێزێت و باسیش لەوە دەکات کە پێشتر بە پەیەدەیان گوتبوو، بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی سووریا، جێی متمانە نییە.

ئەمڕۆ شەممە 20\8\2016، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: “کاتێک پەیەدە گوتی ئێمە ئیدارەی کاتیمان هەیە، ئێمە گوتمان ئیدارەی کاتی بەدەست ئێوەوەیە، چونکە هەر کاتێک بەشار ئەسەد بیەوێت، لێتان وەردەگرێتەوە و ئەو جێی متمانە نییە، جگە لەوەی ئەوە ئامانەتی بەشارد ئەسەدە لای ئێوە”.

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دووپاتیشی کردەوە: “پەیەدە خۆی کردە بریکاری بەشار ئەسەد و ڕێگایان بە کەس نەدەدا کاری سیاسی بکات، عەقڵیەتی بەعس دیارە کە چۆن ڕێگا بە دەسەڵاتی کوردی دەدات، بەڵام پەیەدە لەوە تێنەدەگەیشت، بۆیە ئەویش هەمان سیاسەتی بەعسی پەیڕەو دەکرد، بە گرتنی خەڵک و ڕاوەدوونان و سەربازیی زۆرەملێ”. گوتیشی: “دەبێت ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) ڕۆڵی خۆی بگێڕێتەوە، ئەگینا کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا مایەپووچ لە شەڕ و قۆناغی داهاتووی سووریادا دەردەچێت”.

عەلی عەونی لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیەدە ناوی کوردستانی ڕۆژئاوای بۆ هەرێمی باکووری سووریا گۆڕیوە و “ئێستا بەشار ئەسەد پێیان دەڵێت کۆی بکەنەوە”، بۆیە بە پێویستی زانی: “پەیەدە واز لە تاکڕەوی بهێنێت، چونکە بەشار ئەسەد بەڕەکە لەژێر پێیان ڕادەکیشێت و ئێستاش ئەو هەموو گەنجەیان لە منبج بە کوشتن دا، کەچی چۆڵی دەکەن".

ئەمە لە کاتێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، شاری حەسەکەی کوردستانی ڕۆژئاوایان بۆردومان کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و بریندار بوون.









باسنیوز
Top