هۆکاری نەچوونی بارزانی بۆ ئێران ئاشکرا دەبێت

 هۆکاری نەچوونی بارزانی بۆ ئێران ئاشکرا دەبێت
پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە هۆکاری نەچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، بەو ئامانجەیە کە نایەوێت هیچ وڵات و لایەنێک خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت.

د.عەرەفات کەرەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 20\8\2016، سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، چونکە ئەگەر ئێران نەبووایە، ئێستا ئەو لەو پۆستەدا نەدەبوو، بۆیە چوونی ئەو بۆ نیشاندانی وەفایەکە، خاڵی دووەم زۆربەی ئەو بەرپرسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەچنە ئێران، جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەنەوە و لە دژی ڕیفراندۆم وەستاون کە پرۆژەی بارزانییە”.

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی ئاشکرا کرد: “کاتێک بانگهێشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەو ناڕواتە ئێران، چونکە هەر کەسێک بڕواتە ئێران، داوای لێ دەکەن یەکپارچەیی عێراق بپارێزێت”. ئەوەشی ئاشکرا کرد: "بابەتێکی دیکە پەیوەندی بە ئازادکردنەوەی مووسڵەوە هەیە کە ئێران بەجددی هاتووەتە سەر هێڵ، ڕاستە مووسڵ بە ئاسانی ئازاد دەکرێت، بەڵام ئیدارەدانی قورسە، بۆیە دەبێت ڕێککەوتنی سیاسی هەبێت کە کورد و ئەمەریکاش جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە".

بە گوتەی عەرەفات کەرەم، بارزانی نایەوێت قسەی هیچ کەس و لایەنێک بەسەر خۆیدا بسەپێنێت، چونکە “کوردستان ئێستا شەڕی داعش دەکات و بارزانیش نایەوێت بەبێ بەرنامە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە ئازاد بکرێنەوە”.








باسنیوز
Top