وەزارەتی پێشمەرگە: لەو ناوچانە دەمێنینەوە کە داعشمان تێیدا وەدەر ناوە
بەپێی ڕوونکردنەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى ڕاگەیاندن و هۆشیاریى نیشتمانى لە وەزارەتى پێشمەرگە کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاماژە بە لێدوانێکی مارك تۆنهر، جێگری گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوەی ئەمریکا دراوە کە ڕای گهیاندبوو، گرنگە پێشمهرگه و ههموو گرووپه شهڕكهرهكانی دیكهی عێراق، بچنه ژێر فهرمان و كۆنتڕۆڵی سوپای عێراق.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە: “سەبارەت بەم لێدوانە ڕای دەگەیەنین، پێشمەرگە لەژێر فەرمانى فەرماندەیى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستاندا دەبێت. بەگوێرەى دەستوورى عێراقیش، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمى بەرگریى عێراق، هەرچەندە حکوومەتى عیراق لە ڕووى مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنى چەک و پێداویستیى سەربازییەوە، یارمەتیى پێشمەرگەى نەداوە و بەرپرسیاریەتى هەڵنەگرتووە”.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە باسیشی لەوە کردووە کە گەلى کودستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، شانازى بە ڕۆلى قارەمانانەى هێزەکانى پێشمەرگە دەکات، چ لە ڕابردوو و چ لە شەڕى تیرۆرستانى داعش. دەشڵێت: “پێشمەرگە بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە تاکە هێزە دەتوانێ ڕووبەڕووى دڕندەترین گرووپى تیرۆریستى بوەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە نیازى نییە دەست بەسەر هیچ ناوچەیەکدا بگرێت، بەڵام بەرگرى لەهەموو ئەو شوێنانە دەکات کە تیرۆریستانى داعشى تێدا دوورخستووەتەوەوە و لەو شوێنانە دەمێنیتەوە تا ئەو کاتەى مەترسیى تیرۆریستان بۆ سەر ناوچەکان نامێنێت”.
لە دوایین بەشی ڕوونکردنەوەکەدا ئەوە وەبیر هێندراوەتەوە کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان هەمیشە ئامادەییان نیشانداوە بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ بەرپرسانى سوپاى عێراق، سەبارەت بە چۆنیەتى ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنى تیرۆریستان و بە کردەوەش ئەمەیان سەلماندووە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “وێڕاى سوپاس و پێزانینمان بۆ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، شانازى دەکەین کە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستان و جێبەجێکردنى بەرنامەى ئازادکردنى مووسڵ”.
باسنيوز
