گۆران ئازاد: ناتوانرێت پارێزگاری نوێ بۆ سلێمانی دابنرێت

گۆران ئازاد: ناتوانرێت پارێزگاری نوێ بۆ سلێمانی دابنرێت
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت "ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەڕووی یاساییەوە بنەماکەی لاوازە و، بەهۆی نەبوونی مەرسووم، ناتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت".

گۆران ئازاد، پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "بەگوێرەی یاسای ژمارە3ی ساڵی 2003، بڕگەی 3 لە مادەی28 ، دوای دەنگدان لەسەر پارێزگار، دەبێت مەرسوومی سەرۆکی هەرێم دەربکرێت، روونە بەهۆی تەواوبوونی وادەی سەرۆکی هەرێم ناتوانرێت مەرسووم دەربکرێت، کەواتە ناتوانرێت پارێزگاری نوێ دابنرێت".

گۆران ئازاد ئاماژە بەوە دەکات:" لە ماددەی 20ی هەمان یاسادا هاتووە، جێگری پارێزگار لەکاتی نەبوونی پارێزگاردا، جێگای پارێزگار دەگرێتەوە، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە پارێزگار دەستبکێشێتەوە، جێگر ناتوانێ جێگای بگرێتەوە، چونکە پارێزگار بۆ هەمیشە دەڕوات نەک بەشێوەی کاتی".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی دەشڵێت :" پلەی پارێزگار، جێگر وەزیرە، بەڵام جێگری پارێزگار پلەکەی بەڕێوەبەری گشتییە، واتە لەسەرووی بەڕێوەبەرەکان نییە و لە ئاستی ئەواندایە، ئەمەش لەڕووی کارگێڕییەوە نەگونجاوە، هاوکات جێگر ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا نییە و بە دامەزراندن هاتووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بنەمای لامەرکەزی کارگێڕییە".

گۆران ئازاد باس لە پەیوەندییەکانی ئێستا و پێشووی یەکێتی و گۆڕان دەکات کە چ کاریگەرییەکیان بەسەر ئاڵوگۆڕکردنی ئەو پۆستەوە هەیە و دەڵێت:" یەکێتی و گۆڕان کاتێك رێککەوتنی ئاڵوگۆری پارێزگاریان واژۆکرد دوو هێزی رکابەر و بێ متمانەبوون بە یەکدی، ئێستا دوو هێزی هاوپەیمانن و بۆ گۆڕانکاری گەورە متمانەی گەورە هەیە و تەنانەت لە ئەنجوومەنی پارێزگا یەک فراکسیۆنن، کەوایە ئاڵوگۆڕی ئەم پۆستە لەسەر بنەمایەکی یاسایی لاواز سەلمێنەری پێچەوانەکەیەتی".

هەروەها دەشڵێت "هەرچەندە وەرگرتنی ئەم پۆستە بە مافی دەنگدەرانی گۆرانی دەزانم، بەڵام ئەوەی رێگرە واقیعە یاسایی و سیاییەکەیە نەک یەکێتی، بۆیە پێویستە وردتر بڕیاربدەین و لەپێناو وەرگرتنی پۆست یاسا راڤە نەکەین، ئەگەر هەمووشمان بێهیوابووین لە چەسپاندنی یاسا، ئەوە ئاساییە".

پێشتر دانا عەبدولكریم، بەرپرسی بەشی حكومەت لە ژووری حكومەت ‌و پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندبوو، وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەكلایی بووەتەوە و گوتی "بەپێی رێكەوتنی پێشووتری یەكێتی ‌و گۆڕان، ئەو پۆستە وەردەگرین، تاكە كاندیدیشمان هەر د.هەڤاڵ ئەبوبكرە".

ئەو باسی لەوەش كرد، بۆ ئەوەی وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە، پێویستی بە واژۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی نەبێت، "چونكە بڕوایان وایە لەڕووی یاساییەوە ئەو پۆستە بەتاڵە"، دەرچەی یاساییان دۆزیوەتەوە، دانا عەبدولكەریم دەڵێت "لە رۆژی وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە زۆری نەماوە، دەرچە یاساییەكە ئاشكرا دەكەین".

بەپێی رێككەوتنی پێشتر، گۆڕان ‌و یەكێتی دەبێت لە 20-8-2016 چەند پۆستێكی گرنگی سنووری سلێمانی ‌و هەڵەبجە ئاڵوگۆڕ بكەن، گرنگترین پۆستیش پۆستی پارێزگاری سلێمانییە.
Top