ساڵێک بەسەر هەوڵەکانى پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساى سەرۆکایەتى هەرێم تێپەڕى

ساڵێک بەسەر هەوڵەکانى پەرلەمان بۆ هەموارکردنەوەی یاساى سەرۆکایەتى هەرێم تێپەڕى
لە ساڵى ڕابردووەوە تائێستاشى لەگەڵدا بێت پرسى سەرۆکایەتى هەرێم ناکۆکى قوڵى نێوان لایەنە سیاسییەکانە دواى ئەوەى لە ٢٠ى ئابى ٢٠١٥دا ویلایەتى بارزانى کۆتایى هات و بۆچوونى جیاواز لەسەر پۆستەکەى دروستبوو.

لە رۆژانى ٥ی نیسان تا ٢٢ی نیسانی ٢٠١٥ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان زنجیرە سەردانێکیان بۆ لای هەموو لایەنەکان دەستپێکرد، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاسایی بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و سازان لەسەر دەستور.

دواتر یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ هەر کامیان بە جیا پڕۆژەی خۆیان پێشکەشی پەرلەمان کرد بۆ هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم، بەڵام پارتی هیچ پڕۆژەیەکی ئامادە نەکرد.

رۆژی ٢٣ی حوزەیران سەرۆکایەتی پەرلەمان پڕۆژە یاساکانی چوار لایەنەکەی خستە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان، بەڵام فراکسیۆنى پارتی بایکۆتى دانیشتنەکەی کرد و وەک کودەتا وەسفى کرد.

بارزانی لە رۆژی٩ی ئابدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و وەک ئاماژەیەک بە دانیشتنەکەی ٢٣ی حوزەیران رایگەیاند خۆسەپاندن و کودەتای قەبوڵ نییە.

رۆژی ١١ی ئاب فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد پێش دروستبوونی بۆشایی یاسایی رێکارە یاساییەکان بگرنەبەر.

رۆژی ١٣ی ئاب دیندار نەجمان دۆسکی ئەندامی سەرکردایەتی پێشووی یەکگرتوو لە دهۆک رایگەیاند چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکەن.

رۆژی ١٤ی ئاب ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند سەرۆکی پەرلەمان شەرعییەتی خۆی لە دەستداوە.

هەمان رۆژ نوسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا هیچ لایەنێک بە پارتیشەوە بۆی نییە دەستێوەردان لە کاروباری پەرلەمان بکات.

رۆژی ١٥ی ئاب رێگری کرا لە چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەوەی بچنەوە هەولێر.

رۆژی ١٦ی ئاب بارزانی جارێکی دیکە داوای لە لایەنەکان کرد کۆببنەوە و پێش ٢٠ی ئاب چارەسەرێک بدۆزنەوە.

رۆژی ١٧ی ئاب ئەنجومەنی شورای هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند دوای ١٩ی ئاب سەرۆکی هەرێم بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

رۆژی ١٨ى ئاب پارتی پڕۆژەیەکی پێشکەش لایەنەکانی دیکە کرد و تیایدا جەختی کردبووەوە لە مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم.

شەوی ١٨ى ئاب لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە بە بەشداری برێت مەکگۆرک نوێنەری ئۆباما بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەڕێوەچوو.

رۆژی ١٩ی ئاب هەر سێ فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ رایانگەیاند دژی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانن، فراکسیۆنی یەکگرتووش بۆچوونی جیاوازیان هەبوو.

دواجار دانیشتنی پەرلەمان بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە دواخرا و تەنیا ٥٣ پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکەبوون.

لە رۆژانی دواتردا کۆبووەنەوە پێنج قۆڵییەکان دەستی پێکرد، تا رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم سەرجەم نۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجامدران.

لەکاتی کۆبوونەوەی نۆیەم لە رۆژی ٩ی تشرینى یەکەم لە شاری جوانی سلێمانی خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد.

دواتر تەشەنەی سەند بۆ قەڵادزێ و گەرمیانیش و تیایدا هێرشکرایە سەر بارەگانی پارتی و چەند هاوڵاتییەکیش کوژران.

پارتی لە راگەیەنراوێکدا نەوشیروان مستەفا و گۆڕانی تۆمەتبارکرد بە ئاراستەکردنی خۆپیشاندەران.

ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم پارتی لە بازگەی پردێ رێگری کرد لە چوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێر و بەم شێوەیە دامەزراوەی پەرلەمان پەکخرا.
Top