فوئاد مه‌عسووم پرسه‌نامه بۆ كه‌سوكارى هونه‌رمه‌ندێك ده‌نێرێت كه هێشتا نه‌مردووه
میدیاكانى عێراق و چالاكوانان له تۆڕه كۆمه‌لایه‌تییه‌كانى ئینته‌رنێت، هه‌واڵى كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند "نزار سامه‌ڕائی"ـیان بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام به‌خێرایی هه‌واڵه‌كه به درۆ خرایه‌وه و زۆرێك له ماڵپه‌ڕه‌كان و په‌یجه‌كانى (فه‌یس بووك) هه‌واڵه‌كه‌یان سڕییه‌وه.
ماڵپه‌ڕى "غه‌د پرێس"ـى عێراقی، له هه‌واڵێكیدا ئه‌وه‌ى بلاوكردووه‌ته‌وه، كه به‌درۆخستنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كه، فوئاد مه‌عسووم، سه‌رۆك كۆمارى عێراقی ڕزگار نه‌كرد له‌و درۆیه و به په‌له پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ى كه‌سوكارى هونه‌رمه‌نده‌كه كرد، كه دواتر ده‌ركه‌وت، هه‌واڵى مردنه‌كه‌ى ڕاست نه‌بووه و له ژیاندا ماوه، ئه‌و هه‌واڵه‌ش وه‌ك زۆرێك له‌و هه‌واڵانه‌یه كه له‌باره‌ى هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانه‌وه، بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
له پرسه نامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆماردا بۆ كه‌سوكارى هونه‌رمه‌نده‌كه، هاتووه :" له‌كاتێدا هاوخه‌مى خۆمان بۆ كه‌سوكارى خوالێخۆشبوو و هونه‌رمه‌ندانى عێراق به گشتى ده‌رده‌بڕین، هاوكات شانازى ده‌كه‌ین به‌و ڕۆڵه‌ى ئه‌و هونه‌رمه‌نده عێراقی و عه‌ره‌بییه گێڕایه‌تى له بوارى هونه‌ردا، كه به‌شێك له ژیانی تایبه‌ت كرد بۆ خزمه‌تكردنى هونه‌ر و په‌ره‌پێدانى شانۆ و سینه‌ما له وڵاته‌كه‌مان و له ناوچه‌كه‌ش".
مه‌عسووم به‌وه كۆتایی به پرسه نامه‌كه‌ى هێناوه كه نووسیویه‌تى :" هه‌ستى خه‌مباریمان لێ قبووڵ بكه‌ن به بۆنه‌ى ئه‌و كۆچه ئازار به‌خشه، كۆچكردنى نزار سامه‌ڕائی زیانێكى گه‌وره‌یه بۆ هونه‌رى عێراقی و عه‌ره‌بى، داوا له یه‌زدان ده‌كه‌ین چێگه‌ى خوالێخۆش بوو به‌هه‌شتى به‌رین بێت".
لاى خۆیه‌وه، میدیاكارى عێراقی حه‌مید قاسم، له سه‌ر ئه‌كاونتى خۆى له فه‌یس بووك، نووسیویه‌تى :" تكایه ئێوه كه له سه‌رۆكایه‌تى كۆمارن، كه‌سێكتان تیادا نه‌بوو دڵنیا ببێته‌وه له هه‌واڵى مردنى ئه‌و هونه‌رمه‌نده، پێش ئه‌وه‌ى به ناوى كاك (مه‌عسووم)ـه‌وه پرسه‌نامه بۆ كه‌سوكارى نزار سامه‌ڕائی بنێرن".
