ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى: سبەینێ ئایندەى حزبەکەمان یەکلا دەکەینەوە
ئەندامێکى مەکتەبى سیاسى کە لەبەر هەستیارى دۆخەکە وەک خۆى دەڵێت پێى باش نەبوو ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، لە کۆبونەوەکە بڕیارى یەکلاکەرەوە دەدەن.
ئەو ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسى وتیشى، کۆبونەوەکە چارەنوسسازەو هەموو مەسەلەکان دەخەن بە لایەکدا بە تایبەت پرسى بەڕێوبەرى ئاسایشى گەرمیان، وەک خۆى ووتى "سبەینێ یان چاکى دەکەنەوە یان پاکى دەکەنەوە" .
لەبارەى ئاماژەکانى ئەم قسەیەشیەوە ڕایگەیاند "ناکرێت یەکێتى بەم شێوە بەردەوام بێت، یان ئەوەتا دەبێت بگەنە ڕێککەوتن لەسەر کێشەکان یان ئەو بەشەى یەکێتى کە حزبەکەیان گەیاندۆتە ئێستا بەرپرسیارێتى ئەوەى دەکەوێتە سەرشان کە ڕوودەدات تەنانەت ئینشقاقیش".
وەک خۆى ووتى. هاوکات سەرچاوەیەکى دیکە لە مەکتەبى سیاسى یەکێتى بەبێ ئەوەى ئاماژە بە ووردەکارییەکان بکات ووتى، لە چەند رۆژى ڕابردوودا هەندێک هەوڵ هەبوون بۆ چارەسەرى کێشەکە و لە کۆبونەوەکەشدا گفتوگۆى لەسەر دەکرێتەوە.
کۆبونەوەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى هاوکاتە، لەگەڵ توندبونەوەى ناکۆکیەکانى باڵەکانى ناو یەکێتى لەسەر کێشەکە و بەپێى زانیارییەکان سەرجەم هەوڵەکان بۆ چارەسەرى کێشەکە نەگەیشتونەتە ئەنجام.
هاوکات لەگەڵ جموجوڵە سیاسیەکان لەسەر ئەو پۆستە، لەگەرمیان و بەتایبەتیش لەکەلار لایەنگرانى هەردوو باڵەکە دەنگۆى جوڵەپێکردنى هێز بڵاودەکەنەوەو، بەپێى زانیارییەکان هەردوو لایەنەکە وا مامەڵە دەکەن کە ئەگەر بەرامبەرەکەیان سور بێت لەسەر هەڵوێستەکانى، ئەوا بەهێز کێشەکە یەکلاى بکاتەوە.
ش.ع
