فراکسیۆنەکانی پەرلەمان: سیاسەتی پەیەدە خزمەت بە بەرژوەندی گەلەکەمان ناکات

فراکسیۆنەکانی پەرلەمان: سیاسەتی پەیەدە خزمەت بە بەرژوەندی گەلەکەمان ناکات




ژمارەیەک فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان، کە نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژ، ئایین و نەتەوەکانی کوردستان دەکەن، رایدەگەیەنن، کە سیاسەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە کوردستانی رۆژئاوا، خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان ناکات.



لە راگەیەندراوەکەدا، کە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 17ـی ئابی 2016 بڵاو کراوەتەوە و وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، 10 فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنن، کە رووداوەکانی کوردستانی رۆژئاوا و دەرکردنی ئیبراهیم برۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، پێشهاتی ”مەترسیدارن“ و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان گەورەتر دەکات.



ئەو 10 فراکسیۆنە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە پەیەدە ”سیاسەتی پاوانخوازی“ پەیڕەو دەکات و چالاکوانە سیاسییەکان دەستگیر دەکات، وێڕای ئەوەی بە شێوەیەک بیر دەکاتەوە، کە ”ھەر کەسێک وەک ئەوان بیر نەکاتەوە، بە خائین لە قەڵەم دەدرێت و ھەڕەشەی گرتن و ئازاردانی لەسەر دەبێت“.



هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان پێیانوایە ئەو سیاسەتەی پەیەدە، کە باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە کوردستانی رۆژئاوا، ”ھیچ کاتێک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان ناکات“.



لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، 10 فراکسیۆنەکەی پەرلەمانی کوردستان داوا لە پەیەدە و هێزەکانی دیکەی کوردستانی رۆژئاوا دەکەن، ”بە تەنگ داھاتووی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بن و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەرقەراربوونی ئارامی و یەکرێزی نیشتمانی ھەنگاو بنێن“.



فراکسیۆنەکان:



1- فراکسیۆنی پێشکەوتنی تورکمان

2- فراکسیۆنی ئاراستەی سێیەم

3- فراکسیۆنی ھەولێری تورکمانی

4- ‌فراکسیۆنی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان

5- فراکسیۆنی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری

6- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

7- فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی

8- فراکسیۆنی رافیدەین

9- فراکسیۆنی گەشەپێدانی تورکمان

10- فراکسیۆنی ئەرمەن
Top