پنتاگۆن: فرۆکەمان ناردووە بۆ هاوکاری هێزە کوردییەکان لە سوریا
پنتاگۆن ڕونیکردەوە هێزەکانی هاوپەیمانان کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت، فرۆکەی جەنگی ڕەوانە کردووە بۆ پاراستنی ئەو هێزە کوردیەی کە لەگەڵ ڕاوێژکارە ئەمرییەکییەکاندا لە ناوخۆی سوریادا کاردەکەن، لەکاتێکدا کە لە لایەن فرۆکە جەنگییەکانی سوریاوە کراونەتە ئامانج.
جیف دیفیس وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا وتی "هەموو ئەو ڕێوشوێنانە بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانانە و بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە، کە فرۆکە ئەمریکییەکان بەرگری لەو هێزانە دەکات گەر لەسەر زەوی ڕووبەڕووی مەترسی ببنەوە".
ئەمڕۆ ١٩ی ئابی ٢٠١٦ بۆ دووەم جار فرۆکە جەنگییەکانی سوریا ئەو ناوچانەی بۆردومانکردووە کە هێزەکانی ئاسایشی یەپەگە تیایدا باڵا دەستن لە شاری حەسەکە.
هاوکات ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسی هێرشەکانەوە ئەمڕۆ بە هەزاران هاووڵاتی شارەکەیان جێهشتووە.
ڕێکخراوەکە ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ ١٩ی ئابی ٢٠١٦ فرۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریا گەڕەکی نەشوەی شاری حەسەکەیان بۆردومانکرد و بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی یەپەگەیان کردە ئامانج.
لە ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردووەوە ١٧ی ئابی ٢٠١٦ ڕووبەڕووبونەوەی توند لە نێوان هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد و هێزەکانی یەپەگەدا بەڕێوەدەچێت.
