سەرنووسەری هەواڵ لە کەناڵی (NRT عەرەبی) سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکات

 سەرنووسەری هەواڵ لە کەناڵی (NRT عەرەبی) سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکات


سەرنووسەری هەواڵەکان لە کەناڵی (NRT عەرەبی)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سووکایەتی بە پێشمەرگە دەکات.



لە ڕۆژی 1\8\2016، ڕیا عاسی، سەرنووسەری هەواڵەکان لە کەناڵی (NRT عەرەبی)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی سەبارەت بە دۆخی عێراق بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ڕەخنەی لە بوونی ژمارەیەکی زۆری هێزی سەربازیی عێراقی گرتووە.



ئەو خانمە ڕۆژنامەنووسەی کەناڵێ ئێن ئاڕ تی کە خاوەنەکەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای (نالیا)یە، لە بەشێکی نووسینەکەیدا ناوی پێشمەرگەی بە (البیش المرگە) و (البیش تمن) نووسیوە.



لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی شارەزا لە زمانی عەرەبی و شێوازی قسەکردنی ئێستای خەڵکی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”مەبەستی ڕایە عاسی لە بەکارهێنانی زاراوەی (المرگە)، شلەیە کە لەگەڵ خواردن بەکار دەهێندرێت و دواتریش کە وشەی (البیش تمن)ی بەکار هێناوە، (تەمەن) بە مانای برنج دێت کە لەگەڵ هەردوو زاراوەدا، سووکایەتی بە پێشمەرگە کردووە“.



لە بەرامبەردا، دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18\8\2016، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مشتومڕ لەسەر نووسینەکە پەیدا بوو، ڕایە عاسی لە هەمان پەیجی تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینەکەی پێشووی سڕیوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە گوایە پەیجەکەی هاک کراوە و کەسێک ئەو نووسینانەی بڵاو کردووەتەوە، لە کاتێکدا ماوەی 17 ڕۆژە سووکایەتیکردنەکە بە پێشمەرگە لەسەر ئەو پەیجەدا بووە.



ماوەیەکە لەنێو هەندێک لە سیاسەتمەدار و بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان، دیاردەیەک پەیدا بووە کە دوای ئەوەی بابەتێک بڵاو دەکەنەوە و دەبینن کاردانەوەی خراپی لێ کەوتووەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە نووسینێکی کورت، بابەتەکەیان ڕەت دەکەنەوە.
Top