فڕۆکە جەنگییەکانی سووریا حەسەکە بۆردومان دەکەن
فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی سووریا شاری حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا بۆردومان دەکەن.
بەھۆی بۆردومانەکانەوە ھاووڵاتییانی دانیشتووی حەسەکە سەنتەری شارەکە چۆڵ دەکەن و بەرەو گوند و ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە ڕادەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگە لە گەڕەکەکانی موفتی، خەشمان و عەزیزییە لە حەسەکە ماوەی سێ رۆژە بەردەوامە.
دانیشتووانی شاری حەسەکە پەنایان بردووەتە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە و بەشێکی زۆریان چوونەتە گوندەکانی توپو، شێخنی و خربی کەژێ، کە دەکەونە باکووری شاری حەسەکە.
شار حەسەکە لە کوردستانی رۆژئاوا، لەژێر دەسەڵاتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)یە، کە باڵی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لە کوردستانی رۆژئاوا و دەکەوێتە سنووری کانتۆنی جزیرێ.
