ئاوارەکانی مووسڵ سێ کەمپی دیکەیان بۆ دروست دەکرێ

 	 ئاوارەکانی مووسڵ سێ کەمپی دیکەیان بۆ دروست دەکرێ
سەركەمپەوانی سنووری پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، لە دهۆكدا خۆمانمان ئامادە کردووە بۆ لەخۆگرتنی ئاوارەی مووسڵی؛ بەو مەبەستەیش ئێستا دوو كەمپ دروست دەكەین و كەمپێكی دیكەیش شوێنی بۆ دیاری كراوە و لەو ماوەیەدا دروستی دەکەین.

ئیدریس ساڵح، سەركەمپەوانی سنووری پارێزگای دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بەهۆی شەڕی مووسڵ و ئاوارەبوونی دانیشتووانەكەی، لە پارێزگای دهۆك ئامادەكاری بۆ هاتنی ئاوارەكان دەكرێت و دوو كەمپیش ئەوەندەیان نەماوە حازر ببن؛ كەمپێكی دیكەیش لە شێخان دروست دەكرێت؛ حكوومەتە خۆجێییەکەی پارێزگای دهۆك و ڕێكخراوی UN پێکەوە ئەو کەمپانە دروست دەكەن."

گوتیشی: "سنووری دهۆک ئێستا ٢٢ كەمپی لێیە؛ ٤ كەمپ هی ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانن. ٤٢هەزار خێزان لەو کەمپانەدا جێوڕێیان بۆ کراوەتەوە، واتە نزیکەی ٢٣٩هەزار كەس؛ ئەوانی دیكەیش لە دەرەوەی كەمپەكاندا دەژین و هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین كراوە و لە هیچ شتێك كەموكورتیان نییە".
Top