هەڵوێستی لایەنەکان لەسەر کشانەوە لە حکومەتی هەرێم
ئێستا ئەو ئەگەرە پەڕیوەتەوە بۆ ناو کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حزبەکان، لە دوایین کۆبوونەوەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەرکردایەتی ئەو حزبە باسی لە کشانەوە لە حکومەت و دواتریش دەست هەڵگرتن لە سەرۆکایەتی ئەو لیژنانەی لە پەرلەمانی کوردستان هەیانە.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکگرتوو درێژەکێشانی ئەم بارودۆخە بە سوتاندنی خۆیان بە ئاگری خەڵکی دیکە وەسف دەکات
بەهۆی تێکچوونی سیستمی موچە و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی، وادیارە بەشداریکردن لە حکومەت و ئیدارەداندا، ئەو هەڵپەو گەرموگوڕییەی جارانی نەماوە کە حزبەکان پێش دروستکردنی کابینەی هەشتەم هەیان بوو، ئەوەتا تەنیا وەزیرەکەی کۆمەڵی ئیسلامی لە حکومەتی هەرێم دەڵێ ئاسانترین شت بۆیان بڕیاری کشانەوەیە لە حکومەتی هەرێم.
هەرچەندە لەناو جەماوەر و بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا ناڕەزایی هەیە سەبارەت بە نادیاری رۆڵی نوێنەر و وەزیرەکانیان لە کابینەی هەشتەم، بە تایبەت دوای داخستنی نووسینگەی حکومەت لە مۆسکۆ کە لە پشکی ئەو حزبەیە، بەڵام هێشتا بڕیارێکی یەکلاییکەرەوە و ڕەسمیی نییە بۆ کشانەوە لە حکومەت.
سەرباری درێژەکێشانی دۆخی چەقبەستوویی لە پرۆسەی سیاسیدا بەڵام وتەبیژی حکومەتی هەرێم کە لەسەر پشکی پارتیە بێ ئومێد نەبووە لەوەی کە کابینەی هەشتەم بەم پێکهاتەی ئێستایەوە شەمەندەفەرەکە بگەیەنێتە وێستگەی کۆتایی
نزیکەی ساڵێکە دووەم حزبی براوەی هەڵبژاردن و دووەم پێکهێنەری کابینەی هەشت کە بزووتنەوەی گۆڕانە، بە ناچاریی لە حکومەت دوور خراوەتەوە، سەرباری ئەو کێشەیە بەڵام هێشتا ئەم کابینەیە بە ناهاوسەنگی بەردەوامە لە کارەکانی خۆی کارێک کە پڕیەتی لە ئاستەنگ و تەنگەژەی گەورە.
