ساڵح ژاژڵەیی : هەڤاڵ ئەبوبەکر نابێتە پارێزگار و سەردار قادر بە وەکالەت دەبێتە پارێزگاری سلێمانی
لە بەرنامەی تاتوتوێی ئەم ئێوارەیەی ئێن ئاڕ تی دا ساڵح ژاژڵەیی ئاشکرایکرد، کە سەردار قادر جێگری ئێستای پارێزگاری سلێمانی دەبێتە پارێزگار بە وەکالەت و هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەو پۆستە وەرناگرێت.
ژاژڵەیی وتی "سبەینێ پارێزگاری سلێمانی دەستلەکار دەکێشێتەوە و سەردار قادر دەکرێتە پارێزگار بە وەکالەت و لە هەڵەبجەش بە هەمان شێوە ئاڵوگۆڕی پۆستەکان دەکرێت".
جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتی "لە ئەنجومەنی پارێزگاش ئاڵوگۆڕ دەکرێت و تیایدا دەنگ دەدرێت بە هەڤاڵ ئەبو بەکر وەک پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ وەستاندنی جێبەجێکردنەکەی لە ئێستادا، چونکە ئێستا ناتوانین تا ئەو کێشە یاساییە چارەسەر بکرێت".
ساڵح ژاژڵەیی ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا ڕازین پۆستەکە بدرێت بە هەڤاڵ ئەبوبەکر، بەڵام لەڕووی یاساییەوە کێشەی تێدایە، چونکە دەبێت لەڕووی یاساییەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیمزای بکات، لەڕووی یاساییشەوە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە ماوەکەی تەواو بووە.
سەبارەت بە وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەنگدەرانی دەربارەی ئەو ئاڵوگۆڕە و ئەو هەموو دەنگەی هەڤاڵ ئەبو بەکر چیی دەبێت؟
ساڵح ژاژڵەیی ئاماژەی بەوەکرد د هەڤاڵ ئەبو بەکر سوکایەتی پێناکرێت ، چونکە خۆشی ڕازییە لەبەر ئەوەی لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت، خەڵکی دەنگدەریش هەست بەوە دەکەن کە پێویستە بەم شێوەیە بڕوات هەتا چارەسەرێکی یاسایی بۆ دەدۆزرێتەوە.
