موقتەدا سەدر داوا دەکات هێرش نەکرێتە سەر هاوڕەگەزبازەکان
جو ستورک بەڕێوەبەرى ڕێکخراوى مافى مرۆڤى نێو دەوڵەتى ئەمڕۆ ١٨ى ئابی ٢٠١٦ داوایکردووە لە دەزگا حکومی و ناحکومییەکانى عێراق پابەندبن بەو بەیاننامەیەى موقتەدا سەدر کە لە مانگى تەموزى ڕابردوودا بڵاویکردەوە و ڕایگەیاندووە، "هێرش و توندو تیژى بەرامبەر ئەو کەسانە ئەنجامنەدەن کە هاوڕەگەزبازن و پەیڕەوى جۆرێکى جیاوازى ڕەگەزى دەکەن".
جو ستورک سەبارەت بەم بابەتە وتوویەتى "هیوادارم ئەم داوایەى سەدر ببێتە هۆى گۆڕانکارى لە هەڵسوکەتى میلیشیاى مەهدى و ڕێکخراوەکان بەرامبەر بە هاوڕەگەزبازەکان"، هەروەها هیواى خواستووە " حکومەتى عێراق سزاى ئەو کەسانە بدات کە هێرش دەکەنە سەر هاوڕەگەزبازەکان".
ئەمەش لە دواى ئەوە هات ڕوژى ٧ى تەموزى ٢٠١٦ موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ، هەر چەندە هاوڕەگەزبازى و لە بەرکردنى جلى ژنانە کارێکى پەسەند نیە لاى ئێمە بەڵام نابێت دەستدرێژى بکرێتە سەریان و پێویستە مافی ژیانیان هەبێت.
ئەمەش لەلایەن ڕێکخراوى هیومان ڕایتس ووچەوە بە پێشهاتێکى چاک لە قەڵەم درا بۆ کۆتایی پێهێنانى توندوتیژى دژى هاوڕەگەزبازان.
