مێرگەسۆری: کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵ بووەتەوە..چارەكردنی زەحمەتە
نەدا مێرگەسۆری ڕايگەیاند: "ئەگەر لێدوانی (عەبدولكەریم لوعێبی) وەزیری نەوتی عێراق و هەر بەرپرسێكی دیكە بۆ مەبەستی هێوركردنەوەی ڕەوشی نێوان هەرێم و بەغدا بێت، ئەوا وەك پارتی پێشوازیی لێ دەكەین، لەو چوارچێوەیەیشدا لێدوانی ڕۆژانی ڕابردووی وەزیری نەوت و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشكرا بووە و لەگەڵ دانوستان و چارەكردنی كێشە هەلپەسێردراوەكانین، سەرەڕای پێشوازیكردن لەو جۆرە لێدوانانە، هیوای ئەوەیش دەخوازین تەنیا بە لێدوان نەبێت".
مێرگەسۆری دەڵێ: "با بە بیر خەڵكی كوردستان و عێراقی بێنینەوە كە لە سەرەتای ڕێككەوتنی نێوانمان هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنی هەناردەكردنی نەوت بووە و ئەوە عێراقە نەیتوانی پابەندی ڕێككەوتنی ساڵی 2014 بێت، ئێستایش و ئەوسایش حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی نیشان داوە بۆ چارەكردنی کاری بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و هەناردەکردنی".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵ بووەتەوە، چارەكردنی زەحمەتە، لەگەڵ ئەوەیشدا سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر ڕێگەی گفتوگۆ بە چارەسەر دەزانن، بەڵام بە هۆی ئەزموونی ڕابردوومان لەگەل بەغدا، لە چارەكردنی كێشەكان بێئومێدین".
KDP
