سەرۆك بارزانی: گەلی كوێت لای ئێمە پێگەی تایبەتی هەیە

سەرۆك  بارزانی: گەلی كوێت لای ئێمە پێگەی تایبەتی هەیە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە غەسان ئەلزواوی باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت لە عێراق و د. عومەر ئەلكەندەری كونسووڵی گشتیی كوێت لە شاری هەولێر كرد.



لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دەوڵەتی كوێت سڵاوی ئەمیر و حكوومەتی كوێتی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاند و ستایشی ڕۆڵی بارزانی لە مێژووی عێراق و ناوچەكە و هەروەها سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆریستان كرد.



لە وتەیەكدا سیاسەت و بۆچوونی وڵاتەكەی لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە خستەڕوو و وێڕای دەڕبرینی سوپاس و پێزانینی بۆ گەلی كوردستان لە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا كە هاوكاریی پزیشكی و خۆراك و پێداویستی تر پێشكەشی ئاوارەكان بكات.



لە بەرانبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەمیر و حكوومەتی كوەیتی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە گەلی كوەیت پێگەی تایبەتی لای گەلی كوردستان هەیە و جەختیشی لە قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كردەوە.



لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بیروڕا لەبارەی مەترسییەكانی كولتووری ئینكار و دیكتاتۆری و داگیركاری ئاڵوگۆڕ كرا و باسیش لە ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ كرا.


باسنیوز
Top